ترەمپ: لە ئێران نازانم لەگەڵ کێ دانوستان بکەم
ترەمپ: زۆربەی سەرکردەکانی ئێران کوژراون
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە نوێترین لێدوانیدا هێرشی کردە سەر ئێران و رایگەیاند؛ تاران لەژێر فشارێکی توندی ئابووریدایە و سەرکردایەتی ئەو وڵاتەش تووشی پەککەوتن بووە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا لە ئێراندا نازانێت لەگەڵ کێدا گفتوگۆ بکات، چونکە بە وتەی ئەو "زۆربەی سەرکردەکانی ئێران کوژراون و پێشی وانییە ئێستا هیچ کەسێک ئارەزووی هەبێت پۆستی سەرۆکایەتی لەو وڵاتەدا وەربگرێت."
ترەمپ گوتیشی: "ئێران زۆر بە پەرۆشە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، بەڵام ئێمە هێشتا دڵنیا نین، ئایا دەمانەوێت رێککەوتنیان لەگەڵ بکەین یان نا."
سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، ئەو "گەرووی هورمز وەک خاکی ئەمریکا دەبینێت" و واشنتن کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر ئەو رێڕەوە ئاوییەدا هەیە. راشیگەیاند، چوونە ناو شەڕی ئابوورییەوە دژی تاران، بەو مانایە نییە کە بژاردە سەربازییەکانی ئەمریکا سنووردار کراون، جەختیشی کردەوە، هەرگیز رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی ئێران، ترەمپ ئاشکرای کرد، رێژەی هەڵئاوسان لەو وڵاتە گەیشتووەتە 300% و تاران تەنانەت ناتوانێت مووچەی سەرباز و کارمەندانی پۆلیس بدات. پێشبینیشی کرد، بە کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە پەیوەندیدارەکان بە ئێرانەوە، نرخی وزە لە جیهاندا دابەزێت.
لە لایەکی دیکەوە، بڕیارە رۆژی دووشەممە سکۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا، وردەکاری "توندترین سزای دارایی لە مێژوودا دژی ئێران رابگەیەنێت." ترەمپ پێشتر هۆشداری دابووە هەر وڵاتێک هاوکاریی پێشکەشی ئێران بکات، رووبەڕووی لێکەوتەی ئابووری توند دەبێتەوە.
لە بەرامبەر ئەم هەڕەشانەدا، تاران رایگەیاندووە، وەڵامیان بۆ هەر هەڕەشەیەکی نوێی ئەمریکا وێرانکەر دەبێت، پێشتر لە مانگەکانی نیسان و حوزەیراندا دوو هەوڵ بۆ رێککەوتنی ئاگربەست و دەستەبەرکردنی ئازادی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز درابوو، بەڵام هەردوو رێککەوتنەکە بە خێرایی هەرەسیان هێنا.