سێنتکۆم: لە مانگی رابردووەوە رێڕەوی 68 کەشتیی بازرگانیمان گۆڕیوە
سێنتکۆم: دەستمان بەسەر چەند کەشتییەکی دیکەی ئێراندا گرت
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاشکرای کرد، لە میانی جێبەجێکردنی گەمارۆکانی سەر ئێران لە مانگی تەممووزی رابردووەوە تاوەکو 21ـی ئاب، سوپای ئەمریکا رێڕەوی 68 کەشتیی بازرگانیی گۆڕیوە.
سێنتکۆم لە راگەیەندراوێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکراوەتەوە، لەو ماوەیەدا هێزەکانیان 3 کەشتییان راگرتووە و چووەتە سەر 2 کەشتیی دیکەش. ئامانج لەم رێکارانە وەک فەرماندەییەکە دەڵێت: "دڵنیابوونەوەیە لە پابەندبوونی کەشتییەکان بە رێنمایی و فەرمانەکانی ئەمریکا."
هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە شکستیان هێنا. لە مانگەکانی نیسان و حوزەیرانی ئەمساڵدا، تاران و واشنتن دووجار گەیشتنە رێککەوتنی ئاگربەست بە ئامانجی گەڕانەوەی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز، بەڵام هەردوو رێککەوتنەکە بە خێرایی هەرەسیان هێنا.
لە 13ـی تەممووزی رابردوودا و دوای شکستهێنانی هەوڵەکانی کۆتاییهێنان بە ململانێ شەش مانگییەکەی نێوانیان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێرانی دەستپێکردەوە و سنووردارکردنی توندی خستە سەر جووڵەی کەشتییەکانی ئەو وڵاتە.
ئامانجی سەرەکی واشنتن لەم گەمارۆیە، بڕینی سەرچاوەی داهاتی نەوتی ئێرانە کە دەمارەسەری سەرەکیی دەستکەوتنی دراوی بیانییە بۆ تاران. ئەم هەنگاوە فشارە ئابوورییەکانی سەر ئێرانی زیاتر کردووە، بەتایبەت کە پێشتر ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە بەهۆی هێرشە سەربازییەکانی کاتی جەنگەوە زیانی گەورەی بەرکەوتبوو.