بەقایی: جەنگی ئابووریی ئەمریکا دژی ئێران نایاساییە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هێرشی کردە سەر سیاسەتی سزاکانی ئەمریکا و رایگەیاند، ئەو سزایانە تەنیا جەنگێکی ئابووری نایاسایی نین دژی وڵاتەکەی، بەڵکو هەوڵێکی ئاشکران بۆ سەپاندنی سەروەریی ئەمریکا بەسەر تەواوی وڵاتانی سەربەخۆی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ شەممە، 22ـی ئابی 2026، لە پلاتفۆرمی ئێکس ئاماژەی کرد، هیچ دەوڵەتێک مافی یاسایی نییە بانکە بیانییەکان، کۆمپانیاکان، یان فڕۆکەخانەکانی وڵاتانی دیکە ناچار بکات، پەیوەندییە بازرگانییە یاساییەکانیان لەگەڵ وڵاتێکی سێیەم بپچڕێنن. ئەو جەختی کردەوە، ئەو ناوەندانە لەژێر دەسەڵات و سەروەریی وڵاتەکانی خۆیاندان، نەک ئەمریکا.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران روونیکردەوە سزا لاوەکییەکان هیچ بنەمایەکیان لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا نییە و گوتی: "ئەم کارانە پێشێلکردنی راشکاوی بنەمای یەکسانیی سەروەریی وڵاتانە کە لە ماددەی 2ـی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، هەروەها دژایەتی ئەو قەدەخەکردنە دەکات کە دادگای نێودەوڵەتیی داد (ICJ) لە کەیسی نیکاراگوادا لەسەر دەستوەردان لە کاروباری وڵاتان چەسپاندوویەتی."
بەقایی ئەو فشارە ئابوورییانەی بە کارێکی نێودەوڵەتیی هەڵە ناوبرد کە ئامانج لێی ناچارکردنی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییە بۆ گۆڕینی بژاردە و سیاسەتە یاساییەکانی خۆی.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەقایی هۆشداری دا، ئەم جۆرە داواکارییانەی ئەمریکا، کاتێک لەگەڵ ئابلۆقەی دەریایی تێکەڵ دەکرێن، دەبنە جۆرێک لە دەستدرێژیی سەربازی. گوتیشی: "ئەم سیاسەتە سەروەریی وڵاتانی دیکە دەکاتە بابەتێکی کاتی و مەرجدار تەنیا بە ئارەزووی هێزێکی دیکە دەمێنێتەوە."
لە کۆتاییدا، گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداری دایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رایگەیاند، ئەنجامی ئەم رەفتارانەی واشنتن دەبێتە هۆی لەناوبردنی تەواوەتیی بنەماکانی سیستەمی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان، و جیهان بەرەو "گەڕانەوەیەکی ترسناک بۆ سەردەمی کۆلۆنیالیزمی کلاسیک" پەلکێش دەکات.