پێنتاگۆن سێ رۆژنامەنووسی وەزارەتەکەی دوورخستەوە
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، بڕیاری دا سێ لە کارمەندە باڵا و سەرەکییەکانی رۆژنامەی سەربازیی "ستارز ئاند سترایپس"لە کارەکانیان دوور بخاتەوە، ئەوانیش بریتین لە بڵاوکار، سەرنووسەر و پەیامنێری رۆژنامەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش لەسەر پاشخان و تۆمەتی یاخیبوون لە فەرمانەکان.
کەناڵی فۆکس نیوز بڵاوی کردەوە، بڕیاری دەرکردنەکە هەر یەکە لە ماکس لیدرر بڵاوکار، ئێریک سلاڤین سەرنووسەر، و لارا کورت پەیامنێری کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، سلاڤین و کورت، بێ وەرگرتنی مۆڵەتی پێشوەختە، بەشدارییان لە بڕگەیەکی بەرنامەی "CBS Sunday Morning" کرد کە مانگی رابردوو پەخش کرا. لەو بەرنامەیەدا باس لە هەوڵەکانی پێنتاگۆن کرا بۆ دووبارە داڕشتنەوەی پێکهاتەی رۆژنامەکە. هەروەها لیدرر-ی بڵاوکاریش بەوە تۆمەتبار کراوە کە رەتی کردووەتەوە فەرمانی سەرکردایەتی پێنتاگۆن بۆ دەرکردنی چەند رۆژنامەنووسێک جێبەجێ بکات.
ئێریک سلاڤین لە لێدوانێکدا بۆ فۆکس نیوز گوتی: "بەگوێرەی ئاگادارینامەی دەرکردنەکەم، من لەبەر ئەوە لادراوم چونکە لە چاوپێکەوتنێکمدا لەگەڵ CBS وتوومە: سەپاندنی سانسۆر بەسەر ئەو هەواڵانەی ئاڕاستەی هێزە چەکدارەکان دەکرێن، هێڵی سوورە. نووسینگەی کاروباری گشتیی پێنتاگۆن منی بە یاخیبوون تۆمەتبار کردووە."
سلاڤین جەختیشی کردەوە، پابەندە بە پرەنسیپی سەربەخۆییی نووسین لە رۆژنامەکەدا، وەک چۆن یاسا و سیاسەتەکانی خودی وەزارەتیش دەیخوازن.
لارا کورت، لە ساڵی 2024ەوە وەک پەیامنێر لە رۆژنامەکە کار دەکات، لە هەژماری خۆی لە سۆشیاڵ میدیا رایگەیاند: "پێنتاگۆن بە تۆمەتی یاخیبوون دەری کردم، تەنیا لەبەر ئەوەی بە پەیامنێرێکی CBSم وتووە: من بۆ ستارز ئاند سترایپس کار دەکەم، نەک بۆ پێنتاگۆن یان هەر لایەنێکی سیاسی." کورت گوتیشی؛ جێی داخە سەربازانی ئەمریکا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە رۆژنامەگەرییەکی ئازاد و سەربەخۆ بێبەش بکرێن.
ماکس لیدرر، دێرینترین کەسی نێو رۆژنامەکەیە و بۆ ماوەی 19 ساڵ بڵاوکاری بووە، پێشتر رایگەیاندبوو؛ لە کۆتایی سێپتەمبەردا خانەنشین دەبێت، ئەمەش بەهۆی جیاوازیی بنەڕەتی لەگەڵ سەرکردایەتی پێنتاگۆن سەبارەت بە ئاڕاستە و داهاتووی رۆژنامەکە.
لە بەرامبەردا، پێنتاگۆن ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستە رۆژنامەکە گۆڕانکاری تێدا بکرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ژینگەی نوێی میدیاییدا بگونجێت. شۆن بارنێل، گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند، وەزارەت دەیەوێت "ستارز ئاند سترایپس" بگەڕێنێتەوە بۆ ئەرکە سەرەکییەکەی کە بریتییە لە رووماڵکردنی بابەتە سەربازییەکان، مەشقەکان و سیستمی چەک، و دوورکەوتنەوە لەو بابەتانەی کە بە "سەرلێشێواندن" وەسفی کردن.
جێی ئاماژەیە، پێنج رۆژ مۆڵەت دراوە بەو سێ بەرپرسە لادراوە بۆ ئەوەی تانە لە بڕیاری دەرکردنەکەیان بدەن.