ترەمپ بە گاڵتەجاڕییەوە باس لە ئەگەری بۆردومانکردنەوەی ئێران دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیکە پرسی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێرانی وروژاندەوە و بە شێوەیەکی تەنزئامێز ئاماژەی بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی بۆردومانەکان کرد.

ترەمپ جەختی کردەوە، گۆڕینی ستراتیژی واشنتن بۆ جەنگی ئابووری دژی تاران، بە واتای وازهێنان لە بژاردە سەربازییەکان نایەت.

لە کاتی گردبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور، ترەمپ روو لە لایەنگرانی گوتی: "کاتێکی زۆرمان لەبەردەستە، وانییە؟ دەتوانم چی بکەم؟ بگەڕێمەوە و کەمێک ئێران بۆردومان بکەمەوە؟".

پێشتر ترەمپ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی ئابووری توندی دژی ئێران راگەیاندبوو، بە گۆشەگیرکردنێکی بێوێنە وەسفی کرد و داوای لە هاوپەیمانەکانی واشنتن کرد پەیوەندی بەو فشارانەوە بکەن.

بەگوێرەی راپۆرتێکی تۆڕی (CNN) کە لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە گواستوویەتییەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرەو ستراتیژی خنکاندنی ئابووری هەنگاو دەنێت، ئەمەش وەک جێگرەوەیەک بۆ ئەو هێرشە سەربازییانەی کە لە کۆتایی مانگی شوباتی 2026دا دەستیان پێکردبوو.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند، کە 21 کەسایەتی، 16 کۆمپانیا و 10 کەشتی گرتەوە. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئەم سزایانە هێشتا ئەو کۆتوبەندە بەرفراوانانە نین کە ترەمپ هەڕەشەی جێبەجێکردنیان دەکات.