لە گەرمیان سیستەمێکی نوێ بۆ دابەشکردنی بەنزین پەیڕەو دەکرێت
لە گەرمیان کاتی وەرگرتنی سووتەمەنی بۆ ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان دیاریکرا
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی گەرمیان قۆناخێکی نوێی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی دەستپێکرد. بەگوێرەی رێنماییە نوێیەکان، گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە شێوازی دابەشکردن و کاتی پێدانی سووتەمەنی بە ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان کراوە.
ئەمڕۆ شەممە، 22ـی ئابی 2026، هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24 لە گەرمیان رایگەیاند: "ئەمڕۆ لە هەرسێ شارۆچکە و شارەدێی کەلار، کفری و رزگاری زیاتر لە 105 هەزار لیتر بەنزین بەسەر چەند وێستگەیەکی سووتەمەنیدا دابەشکراوە. بەگوێرەی رێنماییەکان، بۆ هەر ئۆتۆمبێلێکی تایبەت بڕی 50 لیتر بەنزین دیاریکراوە، کە تەنیا هەفتەی یەکجار دەتوانێت ئەو بڕە وەربگرێت."
بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە سەرپێچییەک، سیستەمێکی نوێی ئەلیکترۆنی پەیڕەو دەکرێت. کارمەندانی وێستگەکان راستەوخۆ ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان لە ئەپڵیکەیشنێکی تایبەتدا تۆمار دەکەن کە بە هەموو وێستگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بەستراوەتەوە. ئەگەر شۆفێرێک لە هەر شوێنێکی دیکە بەنزینی وەرگرتبێت، سیستەمەکە دەریدەخات و تا هەفتەیەک تەواو نەبێت، مافی وەرگرتنی بەنزینی نابێت.
سەبارەت بە ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی گشتی (تەکسی و مینی پاس)، رێنماییەکان جیاوازن و بڕیاری دراوە فوول بەنزینیان پێ بدرێت، ئەمەش وەک کار ئاسانییەک بۆ ئەو چینەی کە کارەکەیان پەیوەستە بە هاتووچۆی بەردەوامەوە.
یەکێک لە گۆڕانکارییە هەرە گرنگەکان، جیاکردنەوەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکانە لە ئۆتۆمبێلە تابلۆدارەکان. بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان بڕیاریداوە تەنیا رۆژانی چوارشەممە بەنزین بە ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان بدرێت.
ئەم بڕیارە دوای ئەوەهات، ژمارەیەکی زۆر لەو ئۆتۆمبێلانە لە سنوورەکەدا هەن و بەشێکیان بەنزینە پاڵپشتیکراوەکەی حکوومەتیان وەردەگرت و دواتر لە بازاڕەکاندا دەیانفرۆشتەوە. ئێستاش هێزەکانی ئاسایش و کارمەندانی وێستگەکان چاودێری وردی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەکەن و رێگری لە هەر سەرپێچییەک دەگرن.