هەڵبژاردنی پەرلەمانی رووسیا بەڕێوەدەچێت و هاووڵاتییانیش داوای گۆڕانکاری دەکەن
لە کاتێکدا زیاتر لە چوار ساڵە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە، بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی رووسیا بەڕێوەبچێت، هاووڵاتییانیش داوای گۆڕانکاری و باشترکردنی ژیان و خزمەتگوزارییەکان دەکەن.
لە ناوەڕاستی ئەیلوولی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی خولی نۆیەمی پەرلەمانی رووسیا بەڕێوەدەچێت و پارتە سیاسییەکان رکابەرییەکی بەهێز بۆ بەدەستهێنانی متمانەی هاووڵاتییان دەکەن.
هاووڵاتییان چەندین داواکاریی جیاوازیان لە کاندیدەکان هەیە و دەیانەوێت پەرلەمانی داهاتوو وەڵامدەرەوەی خواستەکانیان بێت.
تاتیانە موساتەڤا، هاووڵاتی، بە خۆشەوی محەممەد، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند: "لە هەموو شتێک گرنگتر ئاشتیی بەرقەرار بێت، هیوادارم شوێن و گۆڕەپانی وەرزشی بۆ هەمووان بەردەست بکرێت، چونکە ئەگەر مرۆڤ تەندروست بێت، ئەوا کار و ژیان و هەموو شتێک باش دەبێت."
هەروەها ئیرینا، مامۆستا، بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: "لام گرنگە بایەخی زیاتر بە کارمەندانی حکوومی و بەتایبەت پەروەردە و تەندروستی بدرێت، چونکە بۆ هەموو تاکێکی رووسیا زۆر گرنگن. هەروەها دەخوازم ناوچەکانی دیکەی رووسیا لە رووی پێشکەوتنەوە لەگەڵ مۆسکۆ هاوتا بکرێنەوە."
لە لایەکی دیکەوە ئاسیا، قوتابیی زانکۆ، باسی لەوە کرد: "چاوەڕوانیی هیچ شتێکی نوێ ناکەم، وەک هەڵبژاردنی پێشوو کۆتایی دێت و ئەنجامەکان بۆ جۆرە دەبن خواستیان لەسەرە، بەڵام هیوای ئەوەم هەیە خەڵک بە دڵی خۆی دەنگ بدات."
بەپێی راپرسییەکان، پارتی یەکگرتووی رووسیا بەهۆی بەدەمەوەچوونی داواکارییە کۆمەڵایەتییەکانی هاووڵاتییانەوە، ریزبەندیی یەکەمی گرتووە. پارتەکانی لیبراڵ دیموکرات، گەلی نوێ و کۆمۆنیستیش کێبڕکێ لەسەر پلەی دووەم دەکەن.
پاڤێل دانیلین، بەڕێوەبەری ناوەندی شیکاری سیاسی، بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند: "پارتەکانی لیبراڵ دیموکرات و کۆمۆنیست و گەلی نوێ نیشتمانپەروەرن و بەرگری لە بونیادنانی سەرۆککۆمار دەکەن. لیبراڵ دیموکراتەکان پشتگیریی پڕۆسەی تایبەتی سەربازی دەکەن و کۆمۆنیستەکانیش سەرنجیان لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتییە، بەڵام کێشەی ئەوانە ئەوەیە رەگەیان لە دەسەڵاتدا داکوتاوە بەبێ ئەوەی پێشنیازێکی نوێیان هەبێت. بۆیە پارتی گەلی نوێ هێواش هێواش جەماوەری زیاد دەکات، هەروەها لەبەر ئەوەی لیبراڵ و کۆمۆنیستەکان سەرکردەی کاریگەریان نییە، رەنگە پارتی گەلی نوێ بچێتە پلەی دووەم."
لاریسا پائوتەڤا، بەڕێوەبەری دامەزراوەی بەرنامەی رای گشتی، ئاماژەی بەوە دا: "بەبڕوای من کارکردن لەسەر دەنگی خەڵک شتێکی کارا نییە، لەبەرئەوەی ژمارەی پارتەکان کەمە، بۆیە کۆمەڵگە پێویستی بە یارمەتییە بۆ دەنگدان. هەموو لایەنەکان کار لەسەر ئەو هەستانە دەکەن لە کۆمەڵگەدا هەن، وەک پرسی جیۆپۆلەتیکی، ناوخۆیی، پڕۆسەی تایبەتی سەربازی و نیشتمانپەروەری، هەروەها ئایدیۆلۆجیا و خێزان، هەر لایەنێک لەم بوارانەدا سەرکەوتوو بێت دەنگی زۆرینە بەدەست دەهێنێت."
بڕیارە رۆژانی 18 و 19 و 20ی ئەیلوولی 2026 هەڵبژاردنی خولی نۆیەمی پەرلەمانی رووسیا (دۆمای دەوڵەت)، بەڕێوەبچێت. تێیدا 11 پارتی سیاسی و 3106 کاندید بۆ 450 کورسیی پەرلەمان کێبڕکێ دەکەن، 225 کورسی بۆ لیستی پارتەکان و 225 کورسییەکەی دیکەش بۆ کاندیدە سەربەخۆکان تەرخان کراون.