گوتەبێژی سوپای ئێران: هەژموونی ئەمریکا لە ناوچەکەدا پاشەکشەی کردووە

گوتەبێژی سوپای ئێران: ستراتیژی سەربازیمان گۆڕاوە بۆ هێرشبەری

عەمید محەمەد ئەکرەمی نیا، گوتەبێژی سوپای ئێران، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ ئاژانسی ئیرنا رایگەیاند، رێککەوتنی مەککە لە نێوان هەریەکە لە وڵاتانی سعوودیە، تورکیا و پاکستان، ئاماژەیەکی روونە بۆ پاشەکشەی هەژموون و کاریگەریی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

ئەکرەمی نیا ئاماژەی کرد، نیشانەکانی لاوازبوونی رۆڵی ئەمریکا لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی زیاتر دەرکەوتوون.

گوتیشی: "ئێمە شاهیدی پاشەکشەی ئەمریکاین؛ دروستکردنی میکانیزمێکی ئەمنی و بەرگریی سەربەخۆ لەلایەن سعوودیە، تورکیا و پاکستانەوە بەبێ بەشداری ئەمریکا، گەورەترین بەڵگەیە لەسەر دابەزینی پێگەی ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا."

گوتەبێژی سوپای ئێران جەختی کردەوە، لە میانی جەنگی دواییدا، حکوومەتی ئێران پاڵپشتییەکی دارایی و لۆجستی بێوێنەی پێشکەش بە هێزە چەکدارەکان کردووە. ئەو پێیوایە یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی جەنگ، بەهێزبوونی یەکڕیزی نیشتمانی و کۆبوونەوەی گەلی ئێران بووە لە دەوری سەرکردایەتی و کۆماری ئیسلامی.

هەروەها ئاماژەی کرد، جەنگەکە هۆشیاری جیۆپۆلیتیکی ئێرانییەکانی بەرزکردووەتەوە، بەتایبەت سەبارەت بە گرنگی گەرووی هورمز وەک کارتێکی فشار و ئامرازێکی کاریگەر لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیدا.

ئەکرەمی نیا رایگەیاند؛ هێزە چەکدارەکانی ئێران لە جەنگی دوایی و جەنگی 12 رۆژەدا ئەزموونێکی بەکۆمەڵی زۆر گرنگیان بەدەستهێناوە، کە لە داهاتوودا دەبێتە هۆی بەهێزبوونی توانای سەربازی و نەتەوەیی ئێران.

گوتیشی: "ئەم شەڕە سروشتی شەڕانگێزی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ جیهان ئاشکرا کرد و بووە هۆی ئەوەی رای گشتی جیهان باشتر ئێران و گەلەکەی بناسن."

گوتەبێژی سوپای ئێران ئاشکرای کرد، ستراتیژی سەربازی وڵاتەکەی لە کاتی جەنگەکانی دواییدا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و لە "بەرگرییەوە گۆڕاوە بۆ هێرشبەری".

لەو بارەیەوە روونیکردەوە: "ئەم گۆڕانکارییە مەرج نییە بە واتای دەستپێکردنی هێرشی پێشوەختە بێت، بەڵکو بەو واتایەیە، هەر هێرشێک بکرێتە سەر ئێران، وەڵامدانەوەکەمان دەستبەجێ، توند و زۆر فراوانتر دەبێت لە خودی هێرشە ئەنجامدراوەکە."