بورهان رەشید: نەناردنی دۆسیەکان بۆ دادگای "تەمیز" پێشێلکارییەکی گەورەیە

سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی رایدەگەیەنێت، دادگای سلێمانی رێگری لە رەوانەکردنی دۆسیەکان بۆ دادگای پێداچوونەوە (تەمیز) دەکات و داواش لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی دادوەری دەکات دەستوەردان بکەن. 

ئەمڕۆ شەممە 22ـی ئابی 2026، لە یەکەم ساڵیادی رووداوەکانی لالەزاردا، بنەماڵە و لایەنگرانی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی هاوپەیمانیی "بەرەی گەل" و کەسوکاری گیراوانی لالەزار، لە بەردەم دادگای سلێمانی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا.

لە میانی گردبوونەوەکەدا، بورهان رەشید گوڵە، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ یەک ساڵ بەسەر رووداو و کارەساتی لالەزاردا تێپەڕ دەبێت، بەڵام بەداخەوە ئەم کێشەیە ماوەی یەک ساڵە لە شوێنی خۆی وەستاوە."

بورهان رەشید ئاماژەی بەوە کرد، هەر لە رێکەوتی 23ـی 10ـی 2025ـەوە داواکاریی پێداچوونەوەیان بە مەبەستی تانەدان پێشکەش کردووە، بەڵام لەو کاتەوە دادگا تایبەتمەندەکانی سلێمانی ئامادە نین دۆسیەکان بۆ دادگای پێداچوونەوە (تەمیز) بنێرن. هەروەها ئەم هەنگاوەی بە "پێشێلکارییەکی گەورە" وەسف کرد و گوتی، ئەمە بێبەشکردنی هاووڵاتییەکی ئەم وڵاتەیە لەو مافە دەستوورییەی یاسای بنەماکانی دادگاییکردنی سزایی پێی بەخشیون.

سەرۆکی تیمی پارێزەران جەختی لەوە کردەوە، نەناردنی دۆسیەکان بۆ دادگای پێداچوونەوە (تەمیز) گەورەترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی لە سلێمانی دەچێتە ژێر پرسیارەوە و دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە و یاسایی و بێلایەنانە نییە. 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بورهان رەشید روونی کردەوە، ئێستا لە دووڕیانێکدان و کۆمەڵێک سکاڵایان هەیە لە ماوەی یەک بۆ دوو هەفتەی داهاتوودا یەکلایی دەبنەوە. داواشی کرد ئاشتەوایی بەرقەرار بکرێت، یانیش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دۆسیەکان بنێرێت بۆ دادگای پێداچوونەوە. 

هەروەها هۆشداریی دا ئەگەر ئەم هەنگاوانە نەنرێن، پێویستە سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری و سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵوێستیان هەبێت و بەپێی رێکارە یاساییەکان دەستوەردان لە پرسەکەدا بکەن.

 سەبارەت بە ماوەی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکانیش گوتی: "بەپێی یاسا ماوەی دیاریکراوی لێکۆڵینەوە شەش مانگە و بۆ دادگاییکردنیش شەش مانگە، بۆیە دەبوو تاوەکو ئێستا دۆسیەکان کۆتاییان پێ بهاتایە."

هەر لە چوارچێوەی گردبوونەوەکەی بەردەم دادگاى سلێمانى، ئاواتى خوشكى لاهور شێخ جه‌نگى هۆشداری دا لەوەی ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌فته‌یه‌ كه‌یسى گیراوانى لاله‌زار یه‌كلانه‌كرێته‌وه‌، له‌ هه‌فته‌ى داهاتوه‌وه‌ دۆخه‌كه‌ له‌كۆنترۆڵ ده‌رده‌چێت. گوتیشی "تائێستا دانمان به‌خۆماندا گرتوه‌و دۆخه‌كه‌مان له‌ كۆنترۆڵدا هێشتووه‌ته‌وه‌".

شەوی 22ـی ئابی 2025، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار و دوای چەند کاتژمێرێک لە رووبەڕووبوونەوەی چەکداری، لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل و هەردوو برای (پۆڵاد و ئاسۆ) لەگەڵ دەیان کەس لە پاسەوان و لایەنگرانی دەستگیر کران. 

لەم رووداوەدا چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون و زیانێکی زۆریش بەر باڵەخانەکە کەوت. لەو کاتەوە دەستگیرکراوەکان لە زینداندان و پارێزەرەکانیان بەردەوام رەخنە لە رێکارەکانی دادگاییکردنیان دەگرن و پێیان وایە پرۆسەکە بەلاڕێدا براوە و دەستوەردانی سیاسیی تێدایە.