دۆناڵد ترەمپ: ئەگەر یاسا بگۆڕدرێت، خۆم بۆ جاری سێیەم هەڵدەبژێرمەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئامادەیی خۆی بۆ بەربژێرکردن بۆ خولی سێیەمی سەرۆکایەتی دەردەبڕێت و نیگەرانیی خۆیشی بەرامبەر بەو رێگرییە یاساییانە نیشاندا، کە رێگرن لە بەدیهێنانی ئەو ئامانجە.

ترەمپ لە وتارێکدا بۆ لایەنگرانی لە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور گوتی "یاسا و رێساکان رێگری لە خۆبەربژێرکردن بۆ خولی سێیەم دەکەن، ئەگەر ئەو یاسایە بگۆڕدرێت، ئەوا پێشوازی لێ دەکەم".

هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی 2028 بەڕێوەدەچێت، ترەمپ چەندجارێک باسی لە ئەگەری خۆبەربژێرکردن بۆ خولی سێیەم کردووە و رایگەیاندووە، رێگەیەک لەبەردەمیاندا هەیە، سەرەڕای ئەوەی بڕگەی 22ـی دەستووری ئەمریکا بە روونی دیاری کردووە هیچ کەسێک بۆی نییە زیاتر لە دوو خولی چوارساڵەی سەرۆکایەتی بکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا رێگە بۆ گۆڕینی ئەو دۆخە، هەموارکردنەوەی دەستوورە، کە پرۆسەیەکی ئاڵۆزە، ئەو پرۆسەیە پێویستی بە رەزامەندیی دوو لەسەر سێی ئەندامانی کۆنگرێس و پەسەندکردنی سێ لەسەر چواری ویلایەتەکان، واتە 38 ویلایەت هەیە.

لە کانوونی دووەمی 2025، ئاندی ئۆگڵز، ئەندامی کۆماریی ئەنجوومەنی نوێنەران پێشنیازێکی بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور خستەڕوو، کە رێگە بە سێ خولی سەرۆکایەتی دەدات، سەرەڕای ئەمەش، بەهۆی دابەشبوونە سیاسییە قووڵەکانی ئەمریکا، ئەگەری سەرکەوتنی ئەو هەموارکردنەوەیە زۆر کەمە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دووەم خولە پۆستی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی بەدەستەوەیە، خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی لە ساڵی 2017 دەستی پێکرد و تا ساڵی 2021 بەردەوام بوو، ئەوەش دوای ئەوە هات کە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2016ـدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

هاوکات دۆناڵد ترەمپ بۆ خولی دووەم لە ساڵی 2025ـەوە دەستبەکار بووە، ئەمەش پاش بردنەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2024.

بەپێی دەستووری ئەمریکا، هەر کەسێک پۆستی سەرۆکایەتی وەربگرێت، تەنیا بۆی هەیە دوو خول لەو پۆستەدا بمێنێتەوە.