دەستپاکی عێراق: لە هاتوچۆی کەربەلا 9 کارمەند بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیرکران

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق رایگەیاند، تیمەکانیان توانیویانە 9 تۆمەتبار لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی کەربەلا و کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت کە گرێبەستی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکەدا هەیە، دەستگیر بکەن.

دەستپاکی عێراق راشیگەیاند؛ دەستگیرکردنی ئەم کەسانە دوای ئەوە دێت کە تێوەگلاون لە وەرگرتنی بەرتیل لە بەرامبەر پێدانی بڕوانامەی پشکنینی تەکنیکی هەزە بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی مەرجەکانی توندوتۆڵییان تێدا نییە.

دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی کردووە، تیمی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی کەربەلا دوای وەرگرتنی زانیاری ورد و بەدواداچوون، بۆیان دەرکەوتووە ژمارەیەک فەرمانبەری هاتوچۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ کارمەندانی ئەو کۆمپانیایەی پشکنینی هەزە ئەنجام دەدات، بڕوانامەی پشکنینی تەکنیکییان بۆ ئۆتۆمبێلی بێ مەرج و تێکچوو دەرکردووە کە شیاوی بەکارهێنان نین.

لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا، 3 فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ و 6 کارمەندی کۆمپانیاکە دەستگیرکران. هەروەها بڕێک پارە کە وەک بەرتیل وەرگیرابوو، لای یەکێک لە تۆمەتبارەکان دەستی بەسەردا گیرا.

بەیاننامەکە روونیشی کردەوە، پاش دووبارە پشکنینەوە بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی بڕوانامەی تێپەڕاندنی پشکنینیان پێدرابوو، دەرکەوتووە، ئۆتۆمبێلەکان لە پشکنینی تەکنیکیدا دەرناچن و جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ئەنجامی راستەقینەی پشکنینەکە و ئەو بڕوانامەیەی بۆیان دەرکراوە، هەبووە.

ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران رێکخراوە و رەوانەی بەردەم دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی کەربەلا (تایبەت بە کێشەکانی دەستپاکی) کراون، تاوەکو بە گوێرەی ماددەکانی 307 و 310 لە یاسای سزادانی عێراقی، سزای یاسایی بدرێن.