پەرلەمان خوێندنەوە بۆ 4 پڕۆژەیاسا دەکات؛ یەکێکیان پەیوەندی بە فەرەنساوە هەیە
پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و لە بەرنامەی کاری دانیشتنەکەشدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ چوار پڕۆژەیاسای گرنگ دەکرێت، لە نێوانیاندا رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان عێراق و فەرەنسا هەیە.
فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بەرنامەی کاری دانیشتنی ژمارە 11ـی رۆژی یەکشەممە (23ـی ئابی 2026)ـی بڵاوکردەوە. دانیشتنەکە کاتژمێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆ دەست پێدەکات و تایبەت دەبێت بە خوێندنەوەی یەکەم بۆ چوار پڕۆژەیاسای جیاواز.
بڕگەی یەکەمی دانیشتنەکە تایبەتە بە خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای شارە پیشەسازییەکان، ژمارە دووی ساڵی 2019. ئەم پڕۆژەیاسایە لەلایەن لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانییەوە ئامادە کراوە و لە حەوت ماددە پێکدێت.
بڕگەی دووەمی بەرنامەی کارەکە بریتییە لە خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای رێکخستنی وزەی نوێبووەوە. لیژنەی کارەبا و وزە ئەم پرۆژەیەی ئامادە کردووە و لە 23 ماددە پێکدێت.
لە بڕگەی سێیەمدا، پەرلەمانتاران خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای بەرگریی شارستانی ژمارە 44ـی ساڵی 2013 دەکەن. پڕۆژەکە لەلایەن لیژنەی ئاسایش و بەرگرییەوە ئامادە کراوە و لە حەوت ماددە پێکدێت.
بڕگەی چوارەم و کۆتاییش تایبەت کراوە بە خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای پەسەندکردنی پەیماننامەی هاوبەشیی ستراتیژی لە نێوان کۆماری عێراق و کۆماری فەرەنسا. ئەمەش لەلایەن لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانەوە خراوەتەروو و لە دوو ماددە پێکدێت.
رێککەوتنی ستراتیژیی عێراق و فەرەنسا
رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان عێراق و فەرەنسا لە کاتی سەردانی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق بۆ پاریس و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئێمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە 24ی کانوونی دووەمی 2023 واژۆ کرا. ئەم رێککەوتنە وەک نەخشەڕێگایەک بۆ فراوانکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دوقۆڵییەکان لە چەندین بواردا دانراوە.
- ئابووری و وەبەرهێنان: گرنگیدان بە هاوکاریی ئابووری، پەرەپێدانی بەردەوام و هاندانی کۆمپانیا فەرەنسییەکان بۆ کارکردن لە عێراق.
- وزە و سووتەمەنی: پشتیوانیکردن لە جێبەجێکردنی گرێبەستە گەورەکانی وزە، لەوانەش پڕۆژە زەبەلاحەکەی کۆمپانیای تۆتاڵ ئەنەرژی (TotalEnergies) بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە و سوودوەرگرتن لە گاز.
ئاسایش و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر: بەهێزکردنی هەماهەنگیی ئەمنی لەپێناو پاراستنی سەروەریی عێراق و بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی: هاوکاریکردنی حکوومەتی عێراق لە دۆسیەی گەندەڵیدا و جەختکردنەوە لەسەر هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی سامان و پارە دزراوەکانی عێراق کە بۆ دەرەوەی وڵات ڕاکێشراون.
رۆشنبیری و پەروەردە: ئاڵوگۆڕی فەرهەنگی و پەروەردەیی و سوودوەرگرتن لە شارەزایی و توانای زانستیی فەرەنسا.