گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک کێشەی کەمیی ئاوی لە قەڵادزێ دروست کردووە
لە شەوی رابردووەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاوی زێی بچووکی لەسەر هەرێمی کوردستان گرتووەتەوە، ئەوەش لە رێگەی بەنداوی کۆڵەسە لە سنووری سەردەشت. بەو هۆیەوە گرفتی دابەشکردنی ئاو لە پڕۆژەی ئاوی خاس بۆ هاووڵاتییان دروست بووە، کە ئاوی سەرووی 80%ـی دانیشتووانی سەنتەری قەڵادزێ دابین دەکات.
ساڵانە ئێران چەند جارێک، بەتایبەت لەم وەرزەدا، ئاوی زێی بچووک لەسەر هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، چونکە پێویستی بە ئاوە لە بەنداوی کۆڵەسەدا. پێشتر ئاو بە رێژەیەکی زۆر لە بەنداوی کۆڵەسەوە بۆ زێی بچووک دەهات و کێشەی نەبوو، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە گۆڕاوە.
گرفتەکە لەوەدایە بۆ دابینکردنی ئاو بۆ پڕۆژەکانی دیکە، بەربەستێکی کاتییان لە چەو و لم لەبەردەم پڕۆژەی ئاوی خاس دروست کردووە. کاتێک ئێران ئاو بەردەداتەوە، بەربەستەکە لا دەبات، بۆیە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی قەڵادزێ ناچارن دووبارە بەربەستەکە دروست بکەنەوە، لەبەر ئەوەی لە رابردوودا ئاو زۆر بوو، پێویستی بەو بەربەستە کاتییە نەدەکرد.
ئەمڕۆ شەممە، 22ـی ئاوی 2026، مارف مەحموود، بەڕێوەبەری دابەشکردنی ئاوی قەڵادزێ بە کوردستان24ـی راگەیاند "لە بەیانیی شەممەوە ناتوانین ئاو بەسەر گەڕەکەکانی قەڵادزێدا دابەش بکەین، چونکە تیمەکانمان سەرقاڵی دروستکردنەوەی بەربەستن لەسەر زێی بچووک."
مارف مەحموود روونیکردەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، پاش دروستکردنەوەی بەربەستەکە و گلدانەوەی ئاو، دەست بە دابەشکردنەوەی ئاو بەسەر دانیشتووانی شارۆچکەکەدا بکرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاشکرایکرد، لەبەر ئەوەی ئەمساڵ رێژەی بارانبارین زۆر بووە، ئەو سەرچاوانەی ئاو کە دەڕژێنە ناو زێی بچووکەوە، ئەوەندە ئاویان تێدایە کە دانیشتووانی قەڵادزێ ئەمساڵ بێئاو نەبن. ئاوی پڕۆژەی خاس دەتوانرێت لە سەرچاوە ناوخۆییەکانیشەوە دابین بکرێت، بۆیە پێشبینی دەکرێت هەر ئەمڕۆ کێشەکە چارەسەر بێت و ئاو بدرێتەوە بە هاووڵاتییان.
ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ شەممە، فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ لەراگەیەندراوێکدا هاووڵاتیانی ئاگادار کردەوە، بەهۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاوی زێی بچووکی گرتووەتەوە و ئاستی ئاوەکە بە شێوەیەکی لەناکاو دابەزیوە، پڕۆژەی ئاوی خاس کارەکانی راگرتووە.
ئاماژەی بەوەش داوە، تیمەکانی پڕۆژەکە سەرقاڵی چارەسەرکردنی گرفتەکەن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوەکە، هەرچەندە ئاو بە بەشێک لە هاووڵاتیان گەیشتووە، بەڵام بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاو لە کۆگاکاندا، هێشتا بەشێک لە گەڕەکەکان بێ ئاو ماونەتەوە.