لە دەریای رەش هێرش کرایە سەر کەشتییەکی تورکی

لە بەردەوامی گرژییەکانی دەریای ڕەشدا، کەشتییەکی بارهەڵگری تورکی لە نزیک بەندەری نۆڤۆرۆسیسک رووبەڕووی هێرش بووەوە، لە ئەنجامدا کارمەندێک گیانی لەدەستدا و 8ـی دیکەش بریندار بوون.

بەگوێرەی زانیارییەکان، کەشتیی "ئوراڵ" کە سەر بە کۆمپانیای کالیۆنجویە، شەوی رابردوو لە کاتێکدا سەرقاڵی گواستنەوەی بار بووە، کراوەتە ئامانج. ئەم کەشتییە پێشتر رۆڵێکی مرۆیی هەبووە و توانیویەتی 18 دەریاوان لە کەشتییەکی دیکە بە ناوی "نەجیبە" رزگار بکات، ئەویش پێشتر لەلایەن هێزەکانی ئۆکرایناوە پێکرابوو.

سەرچاوە هەواڵییەکان ئاماژە دەکەن، بەهۆی هێرشەکەوە کارمەندێکی کەشتییەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە، هەروەها 8 کارمەندی دیکەش بریندار بوون کە ئێستا لەناو کەشتییەکەدا چارەسەری سەرەتاییان بۆ دەکرێت.

سەرەڕای زیانەکان، کەشتیی "ئوراڵ" بەردەوامە لە رێڕەوەکەی و چاوەڕوان دەکرێت نیوەڕۆی ئەمڕۆ بگاتە بەندەری سامسۆن لە تورکیا. باس لەوەش دەکرێت، تیمە تەندروستییەکان و فریاکەوتنی خێرا لە بەندەری سامسۆن لە ئامادەباشیدان بۆ گواستنەوەی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە.