بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەكانی یەكێتیی ئەوروپا پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی دەکات

بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەكانی یەكێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان رۆڵی سەرۆک بارزانی لە پاراستنی مافی پێكهاتەكان و قووڵكردنەوەی فەرهەنگی پێكەوەژیان و تەبایی لەنێوان هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان و عێراق بەرز نرخاند.

بارەگای بارزانی بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ شەممە، 22ی ئابی 2026، سەرۆك بارزانی پێشوازی لە رادو بوتوم، بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەكانی یەكێتیی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان كرد.

لە دیدارەكەدا بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەكانی یەكێتیی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان كە بەبۆنەی كۆتایهاتنی ئەركەكانی و ماڵئاواییكردن سەردانی سەرۆك بارزانیی كردبوو، پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بە بۆنەی وەرگرتنی نیشانی باڵای قەداسەتی پاپای ڤاتیكان و، رۆڵی مێژوویی سەرۆك بارزانی لە پاراستنی مافی پێكهاتەكان و قووڵكردنەوەی فەرهەنگی پێكەوەژیان و تەبایی لەنێوان هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان و عێراق بەرز نرخاند.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی قەداسەتی پاپای ڤاتیكانی كرد و جەختی لەوە كردەوە "ئێمە سەربەرزین بەوەی كە فەرهەنگی دەوڵەمەندی پێكەوەژیان و تەبایی نێوان ئایین و نەتەوە جیاكان بۆمان ماوەتەوە و ئەو دڵنیاییشی دا كە ئەو فەرهەنگە پارێزراو دەبێت و قووڵتر دەكرێتەوە". هەروەها دەستخۆشی لە ئەرك و ماندووبوونەكانی بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەكانی یەكێتی ئەوروپا كرد لە ماوەی كاركردنی لە هەرێمی كوردستان و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست.

مەترسی و دەرفەتەكانی بەردەم عێراق و ناوچەكە لە قۆناخی داهاتوو و پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.