محەمەد باقر زادە: تەندروستیی فڕۆکەوانە دەستگیراوەکانمان لە قەتەر خراپە

ئەمڕۆ شەممە، 22ـی ئابی 2026، محەمەد باقر زادە، فەرماندەی لێژنەی گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبووان لە ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند، دۆخی تەندروستیی ئەو فڕۆکەوانە ئێرانییانە خراپە کە لە قەتەر دەستبەسەرن.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە زاری باقر زادەوە بڵاویکردەوە، ئەو فەرماندەیە داوای لە قەتەر کردووە فڕۆکەوانە دەستبەسەرکراوەکان بگوازێتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی سەر وشکانی. باقر زادە گوتیشی "ئەوان لەنێو ئاودا دەستبەسەرکراون و دۆخی تەندروستیان خراپە".

باقر زادە جەختیکردەوە، ئەو شوێنەی فڕۆکەوانەکانی تێدا دەستبەسەرکراون گونجاو نییە، هاوکات داوای لە لێژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور کرد، فڕۆکەیەکی فریاگوزاری رەوانەی قەتەر بکات بەمەبەستی خێراکردنی گەڕانەوەی فڕۆکەوانە بریندار و نەخۆشەکان بۆ ئێران.

بەرپرسانی ئێران پێشتر دووپاتیانکردبووەوە کە دەسەڵاتدارانی قەتەر 3 فڕۆکەوانی ئێرانییان لە ئاداری رابردوو لە کاتی جەنگی ئەمریکا دژی ئێران دەستبەسەرکردووە.

شەممە 15ـی ئابی 2026، ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە پەیامێکدا لە پلاتفۆڕمی ئێکس وەڵامی لێدوانەکانی بەرپرسانی ئێرانی دایەوە و رایگەیاند، تەواوی ئەو بانگەشانە رەتدەکەینەوە کە لە بارەی دەستبەسەرکردنی فڕۆکەوانە ئێرانییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، سەرسووڕمانی خۆشمان لەم لێدوانە چەواشەکارانەیە لەم کاتە هەستیارەدا دەردەبڕین کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە بەردەوامن.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر وردەکاریی رووداوەکەی خستەڕوو و جەختی کردەوە، دوای ئەوەی فڕۆکەوانەکان سنووری ئاسمانیی قەتەریان بەزاند و لە ئامانج و رێڕەوی هێرشەکەیان دڵنیابوونەوە، هەوڵ دراوە پەیوەندییان پێوە بکرێت، بەڵام فڕۆکەوانە ئێرانییەکان هیچ وەڵامێکیان نەداوەتەوە.

ماجد ئەنساری ئاماژەی بەوە کرد، دوابەدوای ئەوە، بەپێی یاساکانی پێکدادان و بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی خاکی قەتەر، رێکاری سەربازیی پێویست بەرامبەریان گیراوەتە بەر، کە لە هەمان کاتدا لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە روونکردنەوەی لەسەر دراوە.