لە میسان دەست بەسەر ژمارەیەک درۆن و چەک و تەقەمەنیدا گیرا

ئەمڕۆ شەممە، 2ـی ئابی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی عێراق رایگەیاند، لە پارێزگای میسان دەستیان بەسەر ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گرتووە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، پشت بەستن بە زانیاریی وردی هەواڵگری و بەپێی رێنماییەکانی بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازی، مەفرەزەکانی بەشی هەواڵگری و ئاسایشی فیرقەی 22ی کۆماندۆ ئۆپەراسیۆنێکیان کردووە، لەو ئۆپەراسیۆنەدا ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، گولـلەهاوەن، مووشەکی ئارپێچی و چەندین جۆر نارنجۆکی دەستی دەستیان بەسەردا گرتووە.

سەرجەم رێکارە یاساییە پێویستەکان بەرامبەر بەو کەرەستانە گیراونەتە بەر، بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختیکردەوە، هەوڵەکانیان بۆ چاودێریکردن و بەدواداچوونی سەرجەم کارە نایاساییەکان و دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت بەردەوام دەبێت، بەمەبەستی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە پارێزگاکەدا.