بەڕاک: داگیرکارییەکانی ئیسرائیل لە جۆلان پێشێلکردنی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە
نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و عێراق، رایگەیاند، ئامانجی سەرەکی ئیدارەی ترەمپ کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هاوکات زانیاری لەسەر دانوستانە نهێنییەکانی نێوان ئیسرائیل و سووریا، پرۆسەی هەڵوەشانەوە و تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، دۆخی نالەباری دیل و کەمپەکانی داعش، و مەترسییەکانی ململانێ لە لوبنان و هەژموونی ئێران دەخاتەڕوو
شەممە 22ـی ئابی 2026، تۆم بەڕاک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لەسەر ئەو باوەڕەیە دەبێت گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەمبکرێنەوە. بە گوتەی بەڕاک، ئەمریکا چیتر نابێت وەک چەترێکی ئەمنیی بێسنوور بۆ هەموو لایەک بمێنێتەوە، بەڵکو دەبێت وڵاتانی ناوچەکە وەک تورکیا، سعوودیە، ئیمارات، قەتەر و ئیسرائیل بەرپرسیارێتیی دۆخی ئەمنی و سیاسیی خۆیان لە ئەستۆ بگرن.
دانوستانەکانی سووریا و ئیسرائیل و پەیوەندییە ناوچەیییەکان
سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی دوای کەوتنی رژێمی ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەم و دەستبەکاربوونی حکوومەتی نوێ بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، باراک روونیکردەوە دوای رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر، ئیسرائیل ستراتیژی نەهێشتنی مەترسی لەسەر سنوورەکانی پەیڕەو کردووە. لەبەر ئەوەی بە تەواوی متمانەی بە پێکهاتە نوێیەکەی دیمەشق نەبوو و مەترسیی گرووپە چەکدارەکانی هەبوو، لە 9ی کانوونی یەکەمدا بە هێرشێکی چڕ نزیکەی تەواوی هێزی ئاسمانی و فرۆکەخانە سەربازییەکانی سووریای لەناوبرد تاوەکو ئاسمانی سووریا بە رووی هەڕەشەکانی ئێراندا بە کراوەیی بمێنێتەوە.
بەڕاک ئاشکرای کرد، ئەمریکا سەرپەرشتی پێنج خولی فەرمی و چەندین دانیشتنی نافەرمیی نێوان حکوومەتی نوێی سووریا و ئیسرائیلی کردووە. تێیدا بڕیار لەسەر دروستکردنی "ژوورێکی هەماهەنگیی هاوبەش" لە عەممانی پایتەختی ئوردن دراوە بۆ چاودێریکردنی هێڵە سنوورییەکان و ناوچەی دابڕێنراوی نێوانیان کە مێژووەکەی بۆ رێککەوتنی 1974 دەگەڕێتەوە.
دۆسیەی هەسەدە و ناوچەکانی باکووری سووریا
نێردەی تایبەتی ئەمریکا ستایشی رۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات و مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە کرد لە شەڕی دژ بە داعش، هاوکات جەختی کردەوە کە بەپێی لێدوانەکانی مەزڵووم، پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و تێکەڵکردنی شەڕڤانان بە شێوازێکی سەربازی لە چوارچێوەی سوپای نیشتمانیی سووریادا دەستی پێکردووە، لە کاتێکدا گفتوگۆ لەسەر مافە سیاسی و پەروەردەییەکانی کورد لە سووریا بەردەوامە.
بەڕاک جیاوازیی نێوان یەپەگە/هەسەدە و پەکەکەی روونکردەوە و ئاماژەی بە نیگەرانییە ئەمنییەکانی 40 ساڵەی تورکیا کرد. باسی لەوە کرد کە تورکیا بە درێژایی سنوورەکانی باکووری سووریا پێگەی سەربازیی هەیە و ڕاهێنان بە هێزەکانی حکوومەتی نوێ دەکات، بەڵام هەوڵ هەیە ئەو ناوچانە بە شێوەیەکی لەسەرخۆ رێکبخرێنەوە بەبێ دروستبوونی پێکدادان.
دۆسیەی زیندانیان و کەمپەکانی داعش
هەروەها هۆشدارییەکی توندی دا لەسەر دۆسیەی پاشماوەکانی داعش لە سووریا و گوتی:ئێستا نزیکەی 9,400 زیندانیی داعش لە زیندانەکانی سووریادان بەبێ ئەوەی هیچ پرۆسەیەکی دادگایی، تۆمەتی فەرمی یان چارەسەرێکی یاسایی روونیان هەبێت؛ هاوکات لە کەمپەکانی وەک هۆل و رۆژدا زیاتر لە 75 هەزار کەس لە خێزانی چەکدارانی داعش لە دۆخێکی مرۆیی نالەباردا دەژین بەبێ ئەوەی ئاسۆیەکی روون بۆ گەڕاندنەوەیان هەبێت، ئەمەش وەک هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە دەمێنێتەوە ئەگەر بە خێرایی چارەسەر نەکرێت.
ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل، تورکیا و لوبنان
سەبارەت بەو هێرشەی ئیسرائیل کە نزیک بوو لە بنکەکانی تورکیا لە سووریا (لە فڕۆکەخانەی T4 و تەدمور)، بەڕاک سێ ئەگەری خستەڕوو:
1. بوونی زانیاریی هەواڵگریی هەڵە لەسەر جێگیربوونی چەکی تورکی لەو ناوچانە کە دواتر دەرکەوت راست نەبووە.
2. ئیسرائیل لە رێگەی هەواڵگرییەوە جووڵەیەکی لەناکاو یان گوماناویی بەدیکردبێت و دەستبەجێ بڕیاری لێدانی دابێت.
3. بوونی کێشەی پەیوەندی و تێنەگەیشتن لە کەناڵە نهێنییەکاندا، سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی دەزگای مۆساد و وەزیری دەرەوەی سووریا چەند ڕۆژ پێشتر گفتوگۆی دوورودرێژیان ئەنجامدابوو.
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا بەڕاک رەخنەی لە بەردەوامیی داگیرکارییەکانی ئیسرائیل گرت و گوتی: ئیسرائیلییەکان هێشتا بەرزاییەکانی جۆلانی سووریایان داگیرکردووە، ئەمەش پێشێلکردنی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و سیستەمی نێودەوڵەتییە کە دەڵێت جۆلان سەر بە خاکی سووریایە.
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەنقەرە، بەڕاک جەختی کردەوە کە تورکیا "هیچ بەرژەوەندییەکی لەوەدا نییە هێرش بکات یان بچێتە ناو هیچ جۆرە ململانێیەکی سەربازی و دوژمنکارانە لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام هۆشداریشی دا کە دەرئەنجامی نەخوازراوی هەڵەیەکی سەربازی دەکرێت زۆر گەورە و مەترسیدار بێت."
هەروەها جەختی کردەوە کە سەرکردایەتیی تورکیا لە کاتی بینینی فڕۆکەکانی ئیسرائیلدا ئەوپەڕەی هێمنی و ددانبەخۆداگرتنەوە مامەڵەیان کردووە و نەیانهێشتووە گرژییەکان بگۆڕێن بۆ شەڕێکی راستەوخۆ.
باراک گوتی: ئەگەر لە بیرتان بێت، تورک لە هەلومەرجێکی هاوشێوەدا فڕۆکەیەکی جەنگیی رووسییان خستە خوارەوە. ئەمە یارییەکی زۆر مەترسیدارە، کە فڕۆکەی جەنگی لەسەر سنوور جێگیر بکەیت بەبێ ئاگادارکردنەوە و بەبێ هیچ رێککەوتنێک.
هەروەها نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (PBS NewsHour) گوتی: تورکیا بە ئاشکرا گوتوویەتی کە هیچ نیەت و هەڵوێستێکی هێرشبەرانەی بەرامبەر ئیسرائیل نییە و بە هیچ شێوەیەک نایەوێت بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی یان شەڕی ڕاستەوخۆدا بکات. ئەوەی تورکەکان دەیانەوێت، سووریایەکی سەروەر و سەربەخۆیە، کە ئەمەش خواستی ئێمە، ئیسرائیل و تەواوی وڵاتانی ناوچەکەیە."
ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو ساڵ بەسەر دەستبەکاربوونی ڕژێمی نوێی سووریادا و هەوڵەکان بۆ بنیاتنانی متمانە، هێشتا هەنگاوەکان لەسەرخۆن و رووداوە سەربازییەکان وەک پاشەکشەیەکی کاتی دادەنرێن.
سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر دوو فڕۆکەخانەی سەربازی لە سووریا، ئاماژەی بەوە کرد، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل تاوەکو دووریی 80 کیلۆمەتر لە سنووری تورکیا نزیک بوونەتەوە و بۆردوومانی هێڵی نیشتنەوەی فڕۆکەکانیان کردووە، بەبێ ئەوەی پێشوەختە هیچ ئاگادارکردنەوەیەک بدەن.
نێردەی تایبەتی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئیسرائیل خاوەنی یەکێک لە بەهێزترین دەزگا هەواڵگرییەکانی جیهانە، بەڵام ئێستا لەژێر کاریگەریی قۆناخی هەڵبژاردن و گوتاری توندی سیاسیدایە.
باراک جەختی کردەوە کە ئەرکی سەرەکیی ئێستای دیپلۆماسیی ئەمریکا ئەوەیە تەواوی لایەنەکان ئیسرائیل، تورکیا و سووریا بگەڕێنێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ، تاوەکو لە رێگەی ژووری هەماهەنگیی هاوبەش و میکانیزمی پەیوەندیی بەردەوام، ڕێگری لە هەر گرژی و پێکدادانێکی نەخوازراو لە ناوچەکەدا بکرێت.
ئەم لێدوانەی باراک ئاماژەیە بۆ رووداوەکەی تشرینی دووەمی ساڵی 2015، کاتێک فڕۆکە F-16ەکانی تورکیا فڕۆکەیەکی بۆمبهاوێژی رووسی لە جۆری Su-24 لەسەر سنووری سووریا خستە خوارەوە. ئەو رووداوە پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و ئەنقەرەی گەیاندە لێواری جەنگ تا ئەو کاتەی لە حوزەیرانی 2016 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بە نامەیەک داوای لێبوردنی لە ڤلادیمێر پووتین سەرۆکی رووسیا کرد.
هاوکارییەکانی ئێران بۆ حزبوڵڵا چەکداماڵینی ئەو گرووپەی سەخت کردووە
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری لوبنان دۆخی وڵاتەکەی بە یەکێک لە ئاڵۆزترین دۆسیەکان وەسف کرد و وەک هاووڵاتییەکی بەڕەچەڵەک لوبنانی و مەسیحیی مارۆنی، دژایەتیی خۆی بۆ وێرانکردنی گوندەکان و کوشتنی خەڵکی مەدەنی لە باشووری لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە دەربڕی.
لە هەمان کاتدا روونی کردەوە، حزبوڵڵا بە هاوکاریی دارایی ئێران کە مانگانە نزیکەی 90 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت تۆڕێکی فراوانی تونێل و دەیان هەزار مووشەکی لە ژێر گوندەکاندا جێگیر کردووە.گوتیشی: مووچەی سەربازێکی حزبوڵڵا دەگاتە 2,400 دۆلار لە کاتێکدا سەربازێکی سوپای لوبنان تەنیا نزیکەی 300 دۆلار وەردەگرێت، ئەمەش کۆنتڕۆڵکردن و داماڵینی چەکی حزبوڵڵای لەلایەن دەوڵەتەوە زۆر سەخت کردووە.
تۆم بەڕاک لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، کێشەکانی ناوچەکە لە ماوەی شەو و رۆژێکدا چارەسەر نابن، بەڵکو پێویستیان بە کات، پارە و دانوستانی رۆژانەی تەکنۆکراتەکان هەیە. هۆشداریی دا لە نەبوونی پەیوەندیی بەردەوامدا، هەڵەیەکی بچووکی سەربازی دەتوانێت ئاگری شەڕێکی گەورەی وەک جەنگی جیهانیی سێیەم هەڵگیرسێنێت، بەڵام ئێستا ئاراستەی گشتی بەرەو دیپلۆماسی و چارەسەری ناوچەییە.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس (AFP) لەسەر زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە، بنکەی ئاسمانیی سەربازیی ئەبو زهور لە سووریا کە کراوەتە ئامانج، لە ساڵی 2012ەوە لەکارکەوتووە. هاوکات ئاژانسی ئانادۆڵوی تورکیا رایگەیاند، هیچ هێزێکی سەربازیی تورکیا پێش هێرشەکە و لە کاتی هێرشەکەشدا لەو بنکەیەدا نەبووە.
بەڕاک پێشتریش لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕیبوو و رایگەیاندبوو، هێرشە ئاسمانییەکان پەرەسەندنێکی ناپێویستن و خزمەت بە سەقامگیریی ناوچەکە ناکەن.
هەروەها ڕۆژی هەینی، وەزیرانی دەرەوەی 12 وڵات لەوانە تورکیا، سعوودیە، پاکستان و ئەندۆنیسیا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا هێرشەکەی ئیسرائیلیان شەرمەزار کرد.