رووسیا گەڕانەوەی پسپۆڕانی بۆ وێستگەی ئەتۆمیی بووشەهر راگەیاند
کۆمپانیای ئەتۆمیی نیشتمانیی رووسیا، گەڕانەوەی پسپۆڕانی خۆی بۆ وێستگەی ئەتۆمیی بووشەهر لە ئێران راگەیاند. ئاماژەی بەوە کرد، دۆخی وێستگەکە ئارامە و تا ئێستا 42 پسپۆڕی رووسی گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان.
شەممە، 22ـی ئابی 2026، ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکس، بە پشتبەستن بە لێدوانی فەرمیی ئەلێکسی لیخاچێڤ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەتۆمیی نیشتمانیی رووسیا "رۆساتۆم"، بڵاوی کردەوە، گەڕانەوەی کارمەند و پسپۆڕانی کۆمپانیاکە بۆ وێتسگەی ئەتۆمیی بووشەهر لە ئێران بەردەوامە.
لیخاچێڤ رایگەیاند: دۆخی وێستگەکە ئارامە و ژمارەی ئەو پسپۆڕ و کارمەندە رووسانەی کە گەڕاونەتەوە بۆ وێستگەکە گەیشتووەتە 42 کەس. جەختی لەوەش کردەوە، ئەگەر کارەکان بە باشی بڕۆن، لە پاییزی ئەمساڵدا ژمارەی کارمەندەکانمان بۆ 100 کەس زیاد دەکەین.
کۆمپانیای رۆساتۆم لە ماوەکانی رابردوودا بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، دەستی بە چۆڵکردنی وێستگەی ئەتۆمیی بووشەهر کردبوو، ئەمەش لە پێناو پاراستنی گیانی پسپۆڕ و کارمەندە رووسەکان.
لە مانگی نیسانی رابردوودا رۆساتۆم، زیاتر لە 600 فەرمانبەر و پسپۆڕی رووسی لە وێستگەی ئەتۆمی بووشەهر کشانەوە، ئەو بڕیارە وەک رێکارێکی خۆپارێزی بوو بۆ پاراستنی گیانی کارمەندە تەکنیکییەکان، دوای ئەوەی خاکی ئێران رووبەڕووی هێرشی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل بووەوە و مەترسییەکان لە وێستگەکە نزیک بوونەوە.