پووتن: دانوستان تەنیا لەسەر بنەمای واقیعی نوێی مەیدانی دەبێت
سەرۆکی رووسیا لە کۆنگرەی پارتی رووسیای یەکگرتوو رایگەیاند نەیارانی وڵاتەکەی لە تێکدانی سەقامگیریی سیاسیی مۆسکۆ شکستیان هێناوە؛ هاوکات جەختی کردەوە، ئۆکرانیا بە هێرشەکانی دەرگای کێشەکانی بەرامبەر خۆی کردووەتەوە و هێرشە بەرپەرچدانەوەکانی رووسیا کەرتی کشتوکاڵی و هێڵەکانی گواستنەوەی کیێڤیان بەتەواوی ئیفلیج کردووە.
شەممە، 22ی ئابی 2026، ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنگرەی پارتی رووسیای یەکگرتوو، ئاماژەی بەوە کرد، نەیارانی وڵاتەکەی شکستیان هێناوە لەوەی سەقامگیریی سیاسیی رووسیا تێکبدەن. بە گوتەی پوەتین، رووسیا دەوڵەتێکی سەروەر و سەربەخۆیە و ئامادەیە بە هەموو شێوەیەک بەرگری لە داهاتوو، یەکڕیزیی نیشتمانی و بەها باوەکانی خۆی بکات بەرامبەر هەر هەڕەشە، دەستدرێژی و باجسەپاندنێکی دەرەکی.
سەبارەت بە هێرشە پەرچەکردارەکانی مۆسکۆ بەرامبەر کیێڤ، پووتین روونیکردەوە، لایەنی ئۆکرانی ویستی لە رێگەی هێرشەکانییەوە لە ماوەی 40 رۆژدا زیان بە ئابووری و دامەزراوە مەدەنییەکانی رووسیا بگەیەنێت و کۆمەڵگە لەڕووی دەروونییەوە ناسەقامگیر بکات، بەڵام بەم کارەی "دەرگای پاندۆرای" بەڕووی خۆیدا کردەوە. ئێستا سوپای رووسیا بە مووشەکی ورد و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی هەستیارترین کەرتەکانی ئابووریی ئۆکرانیا دەکات، بەتایبەت کەرتی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی کشتوکاڵی، کە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی دارایی کیێڤە.
پووتین ئاشکرای کرد، هێرشە سەربازییەکانی رووسیا بۆ سەر ژێرخان و هێڵەکانی گواستنەوە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر بەرەکانی پێشەوەی جەنگ هەبووە، چونکە بەتەواوی توانای کیێڤیان بۆ گەیاندنی چەک، تەقەمەنی، جێگۆڕکێی هێزەکان و کارکردنی کارگەکانی پیشەسازیی بەرگری پەکخستووە، ئەمەش یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ سەربازانی رووسیا تاوەکو ئەرکە جەنگییەکانیان بە سەرکەوتوویی لە هێڵی تەماسدا جێبەجێ بکەن.
سەرۆکی رووسیا سەرنجی خستە سەر دۆخی مەیدانیی هێزەکانی ئۆکرانیا و گوتی: ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازی بەردەوامە؛ هەرچەندە دۆخی دوژمن لەسەر هێڵی پێشەوەی بەرەکانی جەنگ ئاڵۆزتر و سەختتر دەبێت، کیێڤ زیاتر پەنا بۆ هێرشی دڕندانە و تیرۆریستی دەبات دژ بە ناوچە مەدەنییەکان و ژێرخانی رووسیا، ئەمەش گرنگی تەواوی نیۆنازی، باندێرایی و رووسیافۆبیای ئەو هێزە دەردەخات کە ئێمە شەڕی لەدژ دەکەین.
پووتین باسی لەوەش کرد، هێزەکانی ئۆکرانیا بە درێژایی هێڵی تەماس لە پاشەکشەدان و هەوڵەکانیان بۆ تێکدانی یەکڕیزیی گەلی رووسیا و دابڕینی راستییە مەیدانییەکان لە رێگەی سانسۆری سیاسی و میدیاییەوە، بە تەواوی رووبەڕووی شکست بوونەتەوە.
سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی دۆمای دەوڵەت (پەرلەمانی رووسیا)، پووتین رایگەیاند: "ئەم هەڵبژاردنانە دەبنە سەلمێنەری پێگەیشتوویی سیستەمی سیاسی، سەقامگیریی دەوڵەت و توانای رووسیا بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشە، باج سەپاندن و دەستدرێژییەکی دەرەکی. رووسیا لەژێر هیچ بارودۆخێکی سەختدا دەستبەرداری پڕەنسیپەکانی سەروەریی گەل نابێت و رێگە بە هیچ دەستێوەردانێکی دەرەکی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا نادات.
هەروەها پووتین، چاوپێکەوتنێکی میدیایی دا سەرنجی خستە سەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان و رەوتی مەیدانیی جەنگەکە و ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک لەو دەستپێشخەری و پێشنیازانەی دەخرێنە بەردەم مۆسکۆ خەسڵەتێکی "نامۆ و سەیریان" هەیە و بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نین
سەبارەت بە دەستپێشخەرییە نێودەوڵەتییەکان بۆ راگرتنی جەنگ، پووتین گوتی: "ئێمە وەک هەمیشە ئامادەین بۆ دیالۆگ، بەڵام دانوستان تەنیا و تەنیا لەسەر بنەمای ئەو واقیعە مەیدانییە دەبێت کە ئێستا لەسەر زەوی هاتووەتە کایەوە. ئەو پێشنیازانەی دەخرێنە بەردەممان هەندێک جار خەسڵەتێکی نامۆیان هەیە و لە بنەڕەتدا وەرناگیرێن."
پووتین باسی لەوە کرد، وەڵامە سەربازییەکانی سوپای رووسیا بۆ سەر ژێرخانی ئۆکرانیا زۆر بەئازار و وێرانکەر بوون، و رایگەیاند: "هێرشەکانی دوژمن بە هیچ شێوەیەک کاریگەرییان لەسەر دۆخی بەرەکانی جەنگ دروست نەکردووە. بەپێچەوانەوە، سوپای رووسیا نەک تەنیا لە هەموو ئاراستەکاندا بەردەوامە لە هێرشبردن، بەڵکو خێرایی و ریتمی پێشڕەوییەکانیشی بۆ پێشەوە زیاتر کردووە و بە متمانەوە ئەرکەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت جێبەجێ دەکات."
دووپاتی کردەوە، پێکانی کەرتی کشتوکاڵی و هێڵەکانی گواستنەوەی ئۆکرانیا، گەیاندنی چەک و تەقەمەنی و ئاڵوگۆڕی هێزەکانی کیێڤی بەتەواوی ئیفلیج کردووە.
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، پووتین باسی لە ئاسایشی ناوخۆیی و پاراستنی ئاسمانی رووسیا کرد و گوتی: "ئێمە بەردەوام دەبین لە پەرەپێدان و بەهێزکردنی تواناکانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەمان؛ پێویستە هەماهەنگیی نێوان دامەزراوە ئەمنییەکان، سەربازییەکان و کەرتی مەدەنی لە هەموو ئاستەکاندا بەرزتر بکرێتەوە و توانای کۆمپانیاکانی پیشەسازیی دەوڵەت بۆ پاراستنی نیشتمان بەگەڕبخرێن."
جەختیشی لەوە کردەوە، هێزە چەکدارەکانی رووسیا بە بڕوابەخۆبوونەوە بەرەو بەدیهێنانی تەواوی ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازی هەنگاو دەنێن و رێگە نادەن هیچ هەڕەشەیەکی دەرەکی لەسەر ئاسایش، سنوور و سەروەریی خاکی رووسیا بمێنێتەوە.