بڕێکی پێوانەیی؛ 50 ملیۆن لیتر بەنزینی سوپەر هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت

پرۆسەی هاوردەکردنی 50 ملیۆن لیتر بەنزینی سوپەر بۆ هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، کە بڕیارە لە رێگەی چەند قۆناغێکی جیاوازەوە بگاتە بازاڕەکانی هەرێم و بەسەر وێستگەکاندا دابەش بکرێت.

ئەمڕۆ شەممە، 22ـی ئابی 2026، دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومی لە بەنزینخانەکان ژمارەیان بەرزکرایەوە بۆ 35 بەنزینخانە  و کارتی وەرگرتنی سووتەمەنیش کارا دەکریتەوە. 

بە پێی زانیارییەکانی ئازەر فاروق، پەیامنێری کوردستان24، هاوردەکردنی ئەو 50 ملیۆن لیتر بەنزینە بۆ کوردستان، کاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر دابەزاندنی نرخی بەنزین.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەینی 21ـی ئابی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومی بە نرخی 750 دینار لە شاری هەولێر فراوانتر دەکرێت و لە نێوان 25 بۆ 35 بەنزینخانەدا دابەش دەکرێت، هاوکات کارتی وەرگرتنی سووتەمەنی (کۆبۆن) دووبارە کارا دەکرێتەوە.

هەروەها تیمەکانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان، چاودێریئ کاری بەنزینخانەکان دەکەن و هەوڵەکانیش بۆ ئەوەیە ئەم ڕێژەیە بەردەوام بێت و بەپێی دابینکردن ژمارەی بەنزینخانەکانیش زیاتر ببێت.

رۆژانەش بە شیوازێک هیچ لیستیک بۆ ناوی بەنزینخانەکان بڵاوناکرێتەوە، تەنیا شوفێران لەم بەنزینخانانەی لە تابلۆکانیان ئاماژە بە هەبوونی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومیان کردوە لەوێ دەتوانن بەنزین وەربگرن.