ئەکسیۆس: شەوی هەینی 40 کەشتی نەوتهەڵگر لە هورمز تێپەڕیون
وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، بە هاوکاری و پاراستنی هێزی دەریاییی وڵاتەکەی، توانیویانە زیاتر لە 15 ملیۆن بەرمیل نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان لە رێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکەن. لە کاتێکدا راپۆرتە هەواڵییەکان باس لە تێپەڕبوونی کاروانێکی 40 کەشتیی نەوتهەڵگر دەکەن، داتا نێودەوڵەتییەکانی چاودێریی کەشتیوانی و مانگە دەستکردەکان گومان لەسەر قەبارەی راستەقینەی ئەو نەوتە دروست دەکەن کە لە گەرووەکەوە تێپەڕیوە.
شەممە، 22ـی ئابی 2026، کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لە پەیامێکی فەرمیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، جووڵەی نەوت لە گەرووی هورمز بەردەوامە. بە گوتەی رایت: "رۆژی سێشەممە سوپای ئەمریکا هاوکار بووە لە هەناردەکردنی زیاتر لە 15 ملیۆن بەرمیل نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان لە گەرووی هورمزەوە، کە بە هەژمارکردنی بۆرییە نەوتییەکانیشەوە کۆی گشتیی نەوتی هەناردەکراوی ناوچەکە گەیشتووەتە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل."
رایت ئاماژەی بەوەش کرد، تێکڕای رۆژانەی نەوتی هەناردەکراو لە گەرووەکەوە لە ماوەی حەوت رۆژی رابردوودا لە سەرووی 8 ملیۆن بەرمیل بووە لە رۆژێکدا، و جەختی کردەوە: "سوپاس بۆ هێزی دەریاییی ئەمریکا، نەوت بەردەوامە لە رژان بەناو گەرووی هورمزدا."
هاوکات، پێگەی ئاکسیۆسی ئەمریکی لەسەر زاری سێ بەرپرسی باڵای ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، شەوی هەینی کاروانێکی گەورە لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان کە لە 40 کەشتی پێکهاتبوون، بە پاراستنی هێزی دەریاییی ئەمریکا بەناو گەرووی هورمزدا تێپەڕیون و نزیکەی 16 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان گواستووەتەوە.
لە بەرامبەر گێڕانەوەی بەرپرسانی ئەمریکادا، داتاکانی سەرچاوە کراوە نێودەوڵەتییەکان و ئاژانسەکانی چاودێریی کەشتیوانی وێنەیەکی تەواو جیاواز پێشان دەدەن، بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمپانیای داتای وزەی "کەپلەر"، رۆژی پێنجشەممە تەنیا 7 کەشتیی نەوتهەڵگری ئاشکرا لە ناوچەکەدا تۆمار کراون.
رەخنەگران و پسپۆڕانی چاودێریی کەشتیوانی بە پشتبەستن بە داتای مانگە دەستکردەکان رایانگەیاندووە، رۆژی هەینی هیچ جووڵەیەکی کەشتیی نەوتهەڵگر لە رۆژئاواوە بۆ رۆژهەڵات و هیچ هەناردەیەکی نەوت لە گەرووەکەوە بەدینەکراوە.
لە راپۆرتەکەی ئەکسیۆسدا هاتووە، گواستنەوەی 16 ملیۆن بەرمیل نەوت لە شەوێکدا، پێویستی بە دەیان کەشتیی زەبەلاحی پڕ لە نەوت (VLCC) هەیە، کە ئەمەش لەگەڵ ئەو ژمارە کەمەی کەشتییە بینراوەکان لەو ماوەیەدا یەکناگرێتەوە.
لە وەڵامی ئەم گومانانەدا، بەرپرسانی ئەمریکا روونی دەکەنەوە، کاروانی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بە شەوان و لەژێر رێکاری ئەمنیی تونددا بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن و لەو کاتەدا تەواوی سیستەمەکانی شوێنپێهەڵگرتن و چاودێریی کەشتیوانی دەکوژێننەوە، کە بە شێوازی "تێپەڕبوونی تاریک" ناسراوە، تا لە هێرش و هەڕەشە ئەمنییەکان پارێزراو بن.
سەرەڕای ئەوەی پرۆسەی تێپەڕبوونی تاریک رێکارێکی سەربازی و ئەمنیی ناسراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی بێلایەن و سەربەخۆ نەیتوانیوە لەڕووی ژمارەییەوە ئەو قەبارە گەورەیەی هەناردەی نەوت پشتڕاست بکاتەوە کە واشنتن بانگەشەی بۆ دەکات.
رۆژی چواڕشەممە 19ی ئاب، ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) لە زاری بەرپرسانی باڵای سەربازیی واشنتنەوە وردەکاریی ئەو ئۆپەراسیۆنە نهێنییەی ئاشکرا کردبوو کە لە گەرووی هورمزدا بەڕێوەدەچێت و ئاماژەی دابوو، هێزەکانی ئەمریکا رێڕەوێکی پارێزراوی کەشتیوانییان لە کەناڵی باشووری گەرووی هورمز و بە درێژایی کەناراوەکانی عومان کردووەتەوە.
باسی لەوەش کردبوو، شەوانە لە نێوان 15 بۆ 20 کەشتیی نەوتهەڵگر لەو رێڕەوەوە هاتوچۆ دەکەن و نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا (کە دەکاتە نیوەی ئاستی پێش شەڕ) دەگوازنەوە، ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو تەنگژەی دابینکردنی وزەی لە بازاڕەکانی جیهاندا کەمکردووەتەوە.
بەرپرسانی ئەمریکی ئاشکرایان کردبوو، ئەم پرۆسەیە لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بە تەواوەتی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو هەماهەنگیی بۆ دەکرێت، و فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بەردەوام بەسەر ئاسمانی گەرووەکەدا دەسووڕێنەوە تا کەشتییەکان لە هێرشی مووشەکی کرووز و درۆنەکانی ئێران بپارێزن.
هەروەها ئاماژە بەوە دربوو، ئەو هێرشە ئاسمانییانەی ئەم دواییەی سوپای ئەمریکا سیستەمەکانی چاودێری و راداری دەریایی ئێرانیان تێکشکاندووە، بە جۆرێک تاران ئێستا توانایەکی زۆر سنوورداری هەیە بۆ بینین و چاودێریکردنی جووڵەی کەشتییەکان لەو رێڕەوە پارێزراوەدا.