شبل زەیدی بوو بە یەکێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی
شبل زەیدی، سەرۆکی هاوپەیمانی خەدەمات، بووە بە یەکێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و بەشداری کۆبوونەوەکانی داهاتووی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، شبل زەیدی، سەرۆکی هاوپەیمانی خەدەمات و بەرپرسی کەتائیبی ئیمام عەلی، لە دوای ئامادەبوونی رادەستکردنی چەکی گرووپەکەی بە حکوومەت، بووە بە یەکێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و بەشداری کۆبوونەوەکانی داهاتووی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات.
هاوکات عەباس عامری، ئەمینداری چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان رایگەیاند؛ بە واژۆی تەواوی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شبل زەیدی بووە بە ئەندامێکی بەشداربووی کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی.
کەتائیبی ئیمام عەلی، یەکێک بوو لە گرووپەکانی بەرەی مقاوەمە و لەجەنگی 40 رۆژەی ئەمریکا - ئیسرائیل دژی ئێران بەشداری هێرشەکانی دەکرد بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا؛ بەڵام لە دوای بانگەوازەکەی حکوومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان، شبل زەیدی یەکێک بوو لەو سەرکردانەی رایگەیاند چەک رادەستی حکوومەت دەکات.
لە کۆبوونەوەکانی رابردووی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان، دوو سەرکردە دوورخرابوونەوە لەوانە ئەبو ئالا وەلائی بەرپرسی کەتائیبی سەید شوهەدا بەهۆی ئامادەنەبوونی رادەستکردنی چەک و ئەحمەد ئەسەدی بەهۆی بانگهێشتکردنی لە لایەن دادگاوە بەتۆمەتی گەندەڵی؛ بەڵام لەکۆبوونەوەکانی داهاتوودا شبل زەیدی شوێنی یەکێک لەو سەرکردانە دەگرێتەوە.