مەرجی کشانەوەی ئیسرائیل لە غەززە: دەبێت حەماس چەک دابنێت
ئیسرائیل نیگەرانییە ئەمنییەکانی خۆی سەبارەت بە رێککەوتنی پێشنیارکراوی چەکداماڵینی حەماس گەیاندووەتە کۆشکی سپی و، تەلئەڤیڤ جەخت دەکاتەوە کە سوپاکەی لە کەرتی غەززە ناکشێتەوە تاوەکوو ئەو کاتەی بزووتنەوەکە بە کرداری چەکەکانی ڕادەست دەکات.
دۆرۆن شبیڵمان، گوتەبێژی نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ، بە ئاژانسی "ئەسۆشێتد پرێس"ی راگەیاندووە: بە پێی هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل، حەماس هێشتا پابەندە بە بونیادنانەوەی توانای سەربازیی خۆی، نەک داماڵینی راستەقینەی چەکەکانی.
هاوکات ئاماژەی بەوە کردووە، سوپای ئیسرائیل ئێستا کۆنترۆڵی زیاتر لە 60%ـی خاکی کەرتی غەززەی کردووە، لە ناوچەکە ناکشێتەوە پێش ئەوەی بە تەواوی چەک لە حەماس دابماڵرێت.
شپیڵمان روونی کردەوە: "هەڵسەنگاندنەکانمان دەریدەخەن کە ئەگەر پێش داماڵینی کرداریی چەکی حەماس، هێزەکانمان بکشێنینەوە، بزووتنەوەکە بە خێرایی هەوڵی فراوانکردنی هەژموونی خۆی لە سەرانسەری غەززەدا دەدات و ژێرخانی سەربازیی خۆی بونیاد دەنێتەوە، بەمەش جارێکی دیکە هەڕەشە لە ناوچە نیشتەجێبووەکانی ئیسرائیل دەکات و هەوڵ بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی هاوشێوەی حەفتی ئۆکتۆبەر دەدات، کۆشکی سپیشمان لەو نیازەی حەماس ئاگادار کردووەتەوە.
ئەم لێدوانانە دوای چەند رۆژێک دێن لە راگەیاندنی بزووتنەوەی حەماس کە تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو، دەست بە داماڵینی چەکەکانی دەکات وەک بەشێک لە رێککەوتنی ئاگربەست بە نێوەندگیریی ئەمریکا، کە 9 مانگ لەمەوبەر بە ئامانجی کۆتایهێنان بە ململانێ سێ ساڵییەکە واژۆ کرابوو. هەرچەندە ئەم هەنگاوە وەک دەستپێشخەرییەکی ئەرێنی بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ سەیر دەکرێت؛ بەڵام هێشتا چەندین بەربەست، مەرج و خشتەی کاتیی درێژخایەن لەبەردەم جێبەجێکردنیدا ماون.