نوێنەری کەسوکاری پێشمەرگە دیلەکان: حکوومەتی عێراق رۆڵەکانمان بە شەهید نەناسێنن
دۆسیەیەکی گەورەی گەندەڵی ئاشکرا کرا کە تێیدا زیاتر لە 1,200 چەکداری داعش لە سنووری پارێزگای کەرکووک لە دەزگاکەدا بە شەهید هەژمار کراون و مووچەی مانگانە وەردەگرن. هاوکات کەسوکاری پێشمەرگە دیلەکانی دەستی داعش ناڕەزایەتیی توند دەردەبڕن و ئاشکرای دەکەن کە بەغدا بە بیانووی پێشمەرگەبوون ئامادە نەبووە رۆڵەکانی ئەوان بە شەهید بناسێنێت.
شەممە، 22ـی ئابی 2026، کوردستان24 لە راپۆرتێکدا لە بەردەم دەزگای شەهیدانی عێراق لە کەرکووک، بەڵگە و زانیاری لەسەر دۆسیەیەکی گەورە خستەڕوو؛ بەپێی بەڵگەنامەکان، ناوی هەزاران چەکداری داعش کە دەستیان بە خوێنی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق سوور بووە، لە دەزگای شەهیداندا وەک شەهیدی فەرمی تۆمار کراون و مانگانە مووچە و ئیمتیازاتی دارایی وەردەگرن.
بەپێی زانیارییە ئاشکراکراوەکان، لە سنووری پارێزگای کەرکووک زیاتر لە 1,200 ناوی چەکدارانی داعش لە دەزگای شەهیدانی عێراق تۆمار کراون. زۆرینەی ئەو چەکدارانە خەڵکی قەزای حەویجەن، کە بۆ ماوەی سێ ساڵ پێگەی سەرەکیی دەسەڵاتی داعش بوو و ئەو چەکدارانە راستەوخۆ بەشدارییان لە پەلاماردان و شەهیدکردنی پێشمەرگە و هاووڵاتییانی بێتاواندا کردووە.
ئەم دۆسیەیەی کەرکووک بەشێکە لە دۆسیەی گشتگیرتر لەسەر ئاستی عێراق، کە ناوی زیاتر لە 17 هەزار چەکداری کوژراوی داعش لەخۆدەگرێت کە لە دەزگای شەهیدانی عێراق مامەڵەی شەهیدانەیان بۆ کراوەتەوە و لەسەر بودجەی گشتیی دەوڵەت مانگانە پارە و ئیمتیازات بۆ کەسوکارەکانیان خەرج دەکرێت.
شێخ عیرفان بەرزنجی، نوێنەری کەسوکاری پێشمەرگە دیلەکانی دەستی داعش بە کوردستان24ئ گوت: کەسێک کە تا دوێنێ دەستی بە خوێنی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان و سوپای عێراق سوور بووە، ئێستا مووچەی شەهیدانە لەسەر دەوڵەتی عێراق وەردەگرێت! ئەمە کارەساتێکی زۆر قێزەونە کە لەسەر خوێنی شەهیدانی ئێمە مووچە دەدرێت بەو دوژمنانەی خاکی عێراقیان دەفرۆشت و خیانەتیان لە خاکی کورد دەکرد."
دەشڵێت: من خۆم بە شەخسی لەگەڵ بەرپرسانی یەکەمی عێراق دانیشتووم سەردانی بەغدام کردووە؛ کاتێک داوامان کرد ۆڵەکانمان بە شەهید بناسێنرێن، ئامادە نەبوون و بیانوویان ئەوە بوو گوتیان: 'ئەوانە پێشمەرگەن و سەر بە هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگەن، بڕۆن لە رێگەی وەزارەتی پێشمەرگەوە مامەڵەی خۆتان بکەن'. چۆن دەبێت پێشمەرگە بە شەهید دانەنرێت، بەڵام ئەو چەکدارانەی داعش کە رۆڵەکانی ئێمەیان شەهید کرد، ئێستا لەسەر عێراق مووچەی شەهیدانەیان بۆ ببڕدرێتەوە.