سیپان حەمۆ: هەوڵی بەکارهێنانی کورد وەک هێزێکی کاتی شکستی هێنا

جێگری وەزیری بەرگریی سووریا و سەرکردەی پێشووی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، پرۆسەی یەکگرتنەوە و تێکەڵبوونی هەسەدە لەگەڵ کارگێڕیی نوێی دیمەشق سەختترین قۆناخی خۆی بڕیوە و رێگەی بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی خۆش کردووە. هاوکات جەخت دەکاتەوە کە هەوڵی لایەنە دەرەکییەکان بۆ بەکارهێنانی کورد وەک هێزێکی کاتی شکستی هێناوە و سەرکەوتن بۆ تەواوی گەلانی ناوچەکە بووە.

شەممە، 22ـی ئابی 2026، سیپان حەمۆ، یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە دوای رێککەوتنی مێژوویی نێوان هەسەدە و حکوومەتی نوێی سووریا پۆستی جێگری وەزیری بەرگریی لە کارگێڕیی دیمەشق وەرگرتووە، لە چاوپێکەوتنێکدا سەرنجی خستە سەر دۆخی نوێی سووریا و هەنگاوەکانی ئاشتی.

سیپان حەمۆ لە چاوپێکەوتنەکەیدا رایگەیاند: "ئەوانەی دەیانویست کورد وەک هێزێکی سەربازیی کاتی بۆ جێبەجێکردنی پلان و ئەجێندا دەرەکییەکانی خۆیان لە ناوچەکەدا بەکاربهێنن شکستیان هێنا. لە بەرامبەردا، هەموو پێکهاتە و گەلانی ناوچەکە لە تورک، عەرەب و کورد پێکەوە سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و ئێستا کاتی ئەوە هاتووە گیانی برایەتی لەم کەشوهەوا نوێیەدا گەشە پێ بدەین."

جێگری وەزیری بەرگریی سووریا جەختی لەسەر گرنگیی پێکەوەژیان و فرەچەشنی کردەوە و گوتی: "دیمەشق ئێستا پایتەختی هاوبەشی هەمووانە؛ رێزگرتن لە فرەیی نەتەوەیی، ئایینی و کولتووری رۆڵێکی سەرەکی لە داهاتووی وڵاتەکەماندا دەگێڕێت. ئێمە ناچارین وانە لە هەڵەکانی رابردوو وەربگرین و داهاتوومان لەسەر بنەمای ئاشتی بنیات بنێین. لەم پێناوەدا لاپەڕەیەکی نوێمان هەڵدایەوە و نیشتمانی هاوبەشمان سووریا ئێستا زۆر بەهێزترە."

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، سیپان حەمۆ ئاماژەی بە رۆڵی لایەنە سەرەکییەکان کرد لە سەرخستنی ئەم قۆناخەدا و رایگەیاند، ئیدارەی نوێی دیمەشق و حکوومەتی ئەنقەرە لە پرۆسەی گەیشتن بەم رێککەوتن و تێکەڵبوونەدا، هەڵوێستێکی بوێرانە و دڵسۆزانەیان نواندووە کە زەمینەی سەقامگیریی درێژخایەن لە سووریا و ناوچەکە بەهێزتر دەکات.