رەزایی: هەر وڵاتێک بەشداری لە سزای ئابوورییەکانی ئەمریکا بکات، دوژمنمانە
ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، ئەمریکا دوای شکستهێنانی لە هێرشە سەربازییەکانیدا پەنای بۆ گەمارۆی ئابووری بردووە، بەڵام لێکدانەوەکانی واشنتن و تەلئەڤیڤ لەم رووەشەوە بە تەواوی هەڵەن. هاوکات هۆشداری دا کە گەرووی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە و هەر وڵاتێک بەشداری لە گەمارۆدانی ئابووریی ئێراندا بکات، بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی دەکرێنە ئامانج و رێگە نادرێت یەک دڵۆپ نەوت لە کەنداوەوە هەناردە بکرێت.
شەممە، 22ـی ئابی 2026، موحسین رەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فەرمیی دەوڵەت ، سەرنجی خستە سەر دۆخی پێکدادانی سەربازی، ئابووری و دیپلۆماسی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.
سەبارەت بە دۆخی گەرووی هورمز و هەناردەی نەوت، رەزایی رایگەیاند: بە پێچەوانەی بانگەشەکانی ئەمریکا، گەرووی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی واشنتن رەفتاری خۆی راست دەکاتەوە و پابەندی بەڵێنەکانی دەبێت، چونکە زیاتر لە 50%ی کەناراوەکانی کەنداو لەژێر دەسەڵاتی ئێرانە و بەڕێوەبردنی گەرووەکە مافی تارانە.
گوتیشی: ئێران هۆشداری دەداتە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان کە نەچنە ناو جەنگی ئابووریی ئەمریکاوە لە دژی ئێران؛ هەر وڵاتێک بەشدار بێت لە سەپاندنی سزای ئابووری، وەک دوژمن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و وەڵامی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە "بوومەلەرزەئاسا" دەبێت.
رەزایی دووپاتی کردەوە ئەگەر وڵاتان بەشدار بن لە گەمارۆدانی ئێران، نەک تەنیا لە گەرووی هورمزەوە، بەڵکو ناهێڵین یەک دڵۆپ نەوت لە تەواوی کەنداوی فارسەوە دەربچێت.
رەزایی ئاماژەی بەوە کرد، ترەمپ مەترسییە لۆجستییەکانی بازرگانیی جیهانیی بە شێوەیەکی بێوێنە بەرزکردووەتەوە، نزیکەی 1,200 کەشتیی نەوتهەڵگر بێسوود بوون و لە سەرووی 15%ـی کەشتیگەلی بازرگانیی جیهان لە خولگەی کارکردن دەرکراون؛ نرخی سووتەمەنی و تێچووی گواستنەوەی دەریایی چەندین هێندە بەرزبووەتەوە. ئەمریکا بۆ دابینکردنی قەرزەکانی ناچارە بە سوودی 3.7 هێندە زیاتر لە ساڵی 2020 پارە قەرز بکات، ئەمەش بووەتە هۆی بەفیڕۆچوونی سەدان ملیار دۆلاری باجدەرانی ئەمریکی؛ هاوکات هاوپەیمانەکانی وەک ژاپۆنیش دووچاری بەرزترین ئاستی سوودی قەرز بوونەتەوە لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا.
ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران جەختی کردەوە کە ئەمریکا لە هێرشە سەربازییەکانیدا 100% تووشی شکست بووە، فرۆکە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا لە هێرشکردنە سەر ئێران شکستیان هێنا و وڵاتانی عەرەبی چیتر متمانەیان بە چەکی ئەمریکی نەماوە.
گوتیشی: بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە واشنتن ترەمپی فریوداوە و بەڵێنی پێداوە کە ئەگەر بۆ ماوەی دوو تا شەش مانگ گەمارۆی توندی ئابووری بخاتە سەر ئێران، تاران خۆی بەدەستەوە دەدات؛ بەڵام ئەمە تەنیا خەیاڵپڵاوی و لێکدانەوەی هەڵەیە و جیهان تێگەیشتووە کە هەڕەشەکانی ترەمپ تەنیا پڕوپاگەندەی بەتاڵن.
رەزایی ئاماژەی بەوە کرد کە هەڵسوکەوتی ترەمپ وایکردووە تەواوی وڵاتانی جیهان بگەنە ئەو بڕوایەی کە پەیماننامەی قەدەخەکردنی چەکی ئەتۆمی (NPT) و ئەندامێتی لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ناتوانن ئاسایش دەستەبەر بکەن، و گوتی: ئێستا هەموو جیهان دەبینێت کە دەستڕاگەیشتن بە بۆمبی ئەتۆم کاریگەرترە لە کڕینی سەدان فڕۆکەی F-35؛ سیاسەتی ئەمریکا وایکردووە وڵاتان بپرسن بۆچی لەپێناو پاراستنی خۆیاندا بەدوای چەکی ئەتۆمیدا نەچن.
رەزایی باسی لە ئامادەکارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ئێران کرد و ئاماژەی دا، دوای خیانەت و پەیمانشکێنییەکانی ئەمریکا لە دانوستانەکاندا، تاران گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە شێوازی بەڕێوەبردنی شەڕ و ڕەفتارە دیپلۆماسییەکانیدا دەکات؛ داوای کرد گەنجان و خەڵکی ئێران لەناو ماڵ و گەڕەکەکانیاندا دەست بە بەرهەمهێنان بکەن و هەر ماڵێک ببێتە سکۆی مووشەکیی جەنگی ئابووری، تاوەکو ئێران وەک چۆن لە کەرتی سەربازیدا گەیشتە لووتکە، لەڕووی ئابووریشەوە گەمارۆکان تێکبشکێنێت.