کەشتییەکی بارهەڵگر لە کەناراوەکانی هیندستان بە 22 کەسەوە نوقم بوو
پاسەوانی کەناراوەکانی هیندستان، رایگەیاند؛ کەشتی بارهەڵگری (Ocean Winner) کە ئاڵای وڵاتی پەنەمای هەڵگرتبوو، لە کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی هیندستان نوقم بووە و پەیوەندییان لەگەڵیدا پچڕاوە.
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی فریاگوزاری، تیمەکانی پاسەوانی کەناراوەکان تا ئێستا توانیویانە تەنیا دوو کەس لە سەرنشینانی کەشتییەکە رزگار بکەن کە لەناو بەلەمێکی فریاگوزاریدا بوون، لە کاتێکدا چارەنووسی 22 سەرنشینی دیکەی کەشتییەکە هێشتا نادیارە.
ئەمیت ئۆنیال گوتەبێژی پاسەوانی کەناراوەکانی هیندستان لەمبارەیەوە رایگەیاند: "کەشتییکە 24 کارمەندی لەسەر بووە، کە پێکهاتبوون لە 20 چینی، 3 هاووڵاتی میانمار و یەک هاووڵاتی بەنگلادیشی."
ئاماژە بەوەش کراوە، کەشتییەکە باری خاوی ئاسنی گواستووەتەوە. تا ئێستاش هۆکارەکانی نوقمبوونی کەشتییەکە بە نادیاری ماونەتەوە و گەڕان بەدوای بێسەروشوێنەکاندا بەردەوامە.