نیویۆرک پۆست: لە هەفتەیەکدا 200 کەشتی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون
بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا کە رۆژنامەی نیویۆرک پۆست بڵاوی کردووەتەوە، هەفتەی رابردوو گەرووی هورمز گەشەکردنێکی بەرچاوی لە هاتووچۆی کەشتییەکاندا بەخۆوە بینیوە و نزیکەی 200 کەشتی بەو رێڕەوەدا تێپەڕیون.
رۆژنامەکە ئاماژەی کردووە، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، 103 کەشتی چوونەتە ناو گەرووی هورمز و 89 کەشتی دیکەش لێی دەرچوون. ئەم ژمارەیە بازدانێکی گەورەیە لە قەبارەی بازرگانی دەریایی ناوچەکە، چونکە تەنیا دوو هەفتە لەمەوبەر ژمارەی ئەو کەشتیانەی تێپەڕیبوون تەنیا 40 کەشتی بوو.
سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی کەشتییەکان، مەترسییە ئەمنییەکان هێشتا بەردەوامن. راپۆرتەکە ئاشکرای کردووە، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا 5 کەشتی رووبەڕووی هێرشی هێزەکانی ئێران بوونەتەوە. لە بەرامبەردا، ئەمریکا بەردەوامە لە پشتگیری و پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لەو گەرووە ستراتیژییەدا.
گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان، پێش دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوباتی رابردوودا، نزیکەی پێنج یەکی پێداویستی نەوت و گازی سروشتی شلی جیهانی پێدا تێدەپەڕی.
لە مانگەکانی نیسان و حوزەیرانی ئەمساڵدا، ئەمریکا و ئێران دوو جار گەیشتنە رێککەوتنی ئاگربەست بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی و کۆتاییهێنان بەو ململانێیەی کە ماوەی شەش مانگە بەردەوامە، بەڵام هەردوو رێککەوتنەکە بە خێرایی هەرەسیان هێنا و گرژییەکان دووبارە سەریان هەڵدایەوە.