لە خورماتوو هێرش کرایە سەر حەشدی شەعبی

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ـی ئابی 2026، بە گوێرەی زانیارییەکانی هەرێم جاف پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند؛ لە سنووری شارۆچکەی خورماتوو، چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر خاڵێکی سەربازیی حەشدی شەعبی، بەڵام هێرشەکەیان تێکشکێنرا.

پەیامنێری کوردستان24 راشیگەیاند؛ لیوای 63ی حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە: "ژمارەیەک لە تیرۆریستانی داعش پەلاماری خاڵێکی سەربازیمانیان داوە لە دەوروبەری چیای هەنجیرە لە سنووری خورماتوو. هێزەکانمان دەستبەجێ رووبەڕوویان بوونەتەوە و دوای شەڕ و پێکدادان، تیرۆریستان ناچار بە هەڵاتن کراون."

هاوکات دانیشتووانی ناوچەکە ئاماژە بەوە دەکەن، سەرەتا دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز و دواتر دەنگی تەقەیەکی زۆر لە سنووری چیای هەنجیرە بیستراوە، ئەوەش بووەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ لای هاووڵاتیان.

بەگوێرەی زانیارییەکان، دوای هێرشەکە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەکە کەوتوونەتە ئامادەباشی و کێوماڵی سنوورەکەیان دەستپێکردووە بۆ دۆزینەوەی پاشماوەی چەکدارە هەڵاتووەکان.