سەرچاوەیەک: ئیسرائیل نایەوێت لەگەڵ تورکیا بکەوێتە شەڕ
سەرچاوەیەکی سەربازیی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، بەمەبەستی رێگریکردن لە پێکدادانی زیاتر، کەناڵێکی پەیوەندیی نهێنیی لەگەڵ تورکیا کردووەتەوە. ئەو هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە چەند رۆژێک لەمەوبەر ئیسرائیل بنکەیەکی سەربازیی لە سووریا بۆردومان کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ـی ئابی 2026، ئەو سەرچاوەیە بە کەناڵی دووی ئیسرائیلی راگەیاند، ئیسرائیل خوازیاری ئەوە نییە تورکیا بکات بە دوژمن، بە گوتەی سەرچاوەکە، ئەو کەناڵە نهێنییە لە نێوان هەردوو وڵاتدا بۆ گواستنەوەی پەیامەکان و خۆبەدوورگرتن لە پێکدادان بەکاردێت.
سەرچاوەکە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "کاتێک پەیامەکان بێ سوود بن، ئیسرائیل ناچار دەبێت هەنگاو بنێت"، ئەو لێدوانە ئاماژەیە بۆ ئەگەری هێرشی نوێ.
ئیسرائیل هێڵی سووری بۆ جێگیربوونی هێزەکانی تورکیا لە سووریا داناوە، بەتایبەت لەبارەی بڵاوکردنەوەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک.
سێشەممەی رابردوو، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر بنکەی ئەبو زوهوور لە سووریا و رایگەیاند، رێگە نادات سەربازانی تورکیا لە نزیک سنوورەکانی بێت.
دوای ئەو هێرشانە، تورکیا بوونی هێزەکانی لەو بنکەیەی کراوەتە ئامانج رەتکردەوە و جەختی کردەوە، هیچ شاندێکی سەربازیی تورکیا پێش یان لە کاتی هێرشەکانی ئیسرائیل لە بنکە ئاسمانییەکەدا نەبووە.
هاوکات، دیمەشق نیازی ئەنقەرەی بۆ جێگیرکردنی بوونی سەربازیی هەمیشەیی لە خاکی سووریا رەتکردەوە.
شەممەی رابردوو، دەزگای پەخشی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، بەرپرسانی ئەمنیی ئیسرائیل بە ئەمریکایان راگەیاندووە، تورکیا خۆی ئامادە دەکات و رادارێک لە فڕۆکەخانە ئامانجگیراوەکە دابنێت و دواتریش بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، کە سەربازانی تورکیا بەکاری دەهێنن، پڕچەکی بکات.
سەرچاوەکە روونیکردەوە، ئەگەر ئەو هەنگاوە بنرێت، رەنگە هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا گۆڕانکاریی بەسەردا بێت.