ئەمڕۆ دادگای کەرکووک بۆ دۆسیەی محەمەد ئەمین کۆدەبێتەوە

دادگای کەرکووک بۆ جارەکانی 29 و 30 دانیشتنی تایبەت بە دۆسیەی محەمەد ئەمین، نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان بەڕێوەدەبات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە سکاڵاکانی ئەو دژی سوپای عێراق فەرامۆش کراون و ناوبراو رووبەڕووی فشاری زۆر بووەتەوە بۆ ئەوەی لە مافەکانی خۆی پاشگەز بێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ی ئابی 2026, لە شاری کەرکووک، دانیشتنی دادگە بۆ دۆسیەی محەمەد ئەمین، نوێنەری جوتیارانی کورد لە ناحیەی سەرگەڕان بەڕێوەدەچێت. محەمەد ئەمین کە بەهۆی بەرگریکردن لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی بووەتە سیمبولی خۆڕاگری، ئەمڕۆ بۆ جاری 29 و 30 لەبەردەم دادوەر ئامادە دەبێت.

محەمەد ئەمین لە سەرەتای رووداوەکەوە دوو سکاڵای یاسایی لە دژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان و سەربازێک بە ناوی "کەڕار" تۆمار کرد، بەڵام دادگا سکاڵاکانی ئەوی سڕ کردووە. لە بەرامبەردا، فەرماندە سەربازییەکە و سەربازەکە دوو سکاڵایان لە دژی ئەو جوتیارە تۆمار کردووە و تا ئێستا 28 جار بانگی دادگایان کردووە، بەبێ ئەوەی لایەنی تۆمەتبار جارێک لەبەردەم دادگا ئامادە بن، ئەمەش وای کردووە دادوەر دانیشتنەکان دوا بخات.

رووداوەکە بۆ رۆژی 17ی شوباتی 2025 دەگەڕێتەوە، کاتێک لە گوندی شەناخە، محەمەد ئەمین لەسەر تراکتۆرەکەی سەرقاڵی کاری کشتوکاڵی بوو. لەو کاتەدا، هێزێکی سوپای عێراق رێگرییان لێ کرد و سەربازێک بە شێوەیەکی نەشیاو بە ملپێچەکەی رایکێشا و سوکایەتی پێ کرد.

ئەو دیمەنە کاریگەرە، لەو کاتەدا لە لایەن تیمی "کوردستان24"ەوە تۆمار کرابوو. بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە لە شاشەی کوردستان24ەوە دەنگدانەوەیەکی گەورەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا و بوو بە بەڵگەیەکی یاسایی بەهێز بۆ سەلماندنی ئەو ستەمەی لە جوتیارانی کورد لە ناوچە دابڕێندراوەکان دەکرێت. محەمەد ئەمین جەخت دەکاتەوە کە هەرچەندە فشاری لێ دەکرێت سکاڵاکەی بکشێنێتەوە، بەڵام ئەو پشت بەو بەڵگە ڤیدیۆییەی کوردستان24 دەبەستێت و چاوەڕێی دادپەروەری دەکات.