خزمەتگوزارییە کونسوڵییەکانی چیلی لە ئێرانەوە بۆ تورکیا دەگوازرێنەوە

حکوومەتی چیلی بڕیاری دا باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئێران بە هۆکاری ئابووری و ئەمنی دابخات، بێ ئەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ تاران بپچڕێنێت و کاروباری کونسوڵییەکانی بۆ ئەنقەرە دەگوازێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی چیلی لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، بڕیاریان داوە تا کۆتایی مانگی ئاب (ئۆگست) باڵیۆزخانی وڵاتەکەیان لە ئێران دابخەن.

وەزارەتەکە هۆکاری ئەم هەنگاوەی بۆ کێشەی ئابووری و پێویستیی رێکخستنەوەی کارگێڕی گەڕاندووەتەوە، هەروەها بارودۆخ و هۆکارە ئەمنییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشی وەک هۆکارێکی دیکە خستووەتەڕوو.

حکوومەتی چیلی جەخت لەوە دەکاتەوە، داخستنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکەی لە ئێران بە واتای کۆتایهێنان بەو پەیوەندییە دیپلۆماسییانەی نێوان هەردوو وڵات نایەت کە لە ساڵی 1942ـەوە دامەزراون، بەڵکو لەمەودوا خزمەتگوزارییە کونسوڵییەکان بۆ هاووڵاتییانی چیلی لە ئێران دەگوازرێنەوە بۆ کونسوڵگەریی چیلی لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا.

بڕیارەکەی چیلی بۆ داخستنی باڵیۆزخانەکەی لە تاران لەکاتێکدایە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناخێکی پڕ لە ململانێ و ئاڵۆزیی ئەمنیدا تێدەپەڕێت.

هەرچی پەیوەستە بە واشنتنەوە؛ لە کاتی دەستبەکاربوونییەوە لە مانگی ئاداری رابردوودا، خۆسێ ئەنتۆنیۆ کاست، سەرۆکی چیلی، هەوڵی داوە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهێزتر بکات، سەرەڕای ئەوەی واشنتن باجی گومرگی تا رێژەی 12%ی خستووەتە سەر کاڵاکانی چیلی.

کاست دووپاتی کردووەتەوە، چیلی دەبێت هەمیشە هاوپەیمانی ئەو وڵاتانە بێت کە پەرە بە ئازادی و دیموکراسی دەدەن، هەروەها چەندین جار سەرکۆنەی ئەو هێرشە هەڕەمەکییانەی کردووە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیانکاتە سەر ژمارەیەک وڵاتی ناوچەکە.

 لە سەرەتای ئەمساڵ و بەتایبەت لە مانگی ئازاری 2026ـدا، خۆسێ ئەنتۆنیۆ کاست وەک سەرۆکی نوێی چیلی دەستبەکار بوو، ئەمەش دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی کۆتایی ساڵی 2025ـدا توانی سەرکەوتن بەسەر رکابەرەکانیدا بەدەستبهێنێت و کۆتایی بە دەسەڵاتی گابریێل بۆریک بهێنێت.