ژیانی خێزانیی 75%ـی سەربازانی ئیسرائیل تێکچووە
رۆژنامەیەک ئاشکرای دەکات، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی سێ ساڵ بەسەر شەڕی غەززەدا، سوپای ئیسرائیل رووبەڕووی دۆخێکی زۆر سەخت بووەتەوە، ئەمەش بەهۆی لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆری سەرباز و بەکارهێنانی بڕێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی.
رۆژنامەی "مەعاریف" لە راپۆرتێکی نوێدا رایگەیاند، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی سێ ساڵ بەسەر شەڕی غەززەدا، ئامارەکان راستییەکی تاڵ سەبارەت بە دۆخی سوپای ئیسرائیل دەخەنەڕوو. بە گوێرەی راپۆرتەکە سوپای ئیسرائیل لەم ماوەیەدا هێندەی 30 ساڵی پێش دەستپێکردنی شەڕەکە چەک و تەقەمەنیی بەکارهێناوە.
هەروەها رێژەی بەکارهێنانی کەرەستە سەربازییەکانی وەک فڕۆکە و ئۆتۆمبێلی سەربازیش زۆر بەرز بووەتەوە. رۆژنامەکە روونی کردووەتەوە، هێزی ئاسمانی لەم سێ ساڵەدا بە قەد نۆ ساڵ فڕینی ئاسایی گەشتی ئاسمانیی کردووە، هەروەها هەزاران بزوێنەری تانک و زرێپۆشەکانیش لەکارکەوتوون.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هەموو کێشە لۆجیستییەکان و کەرەستە سەربازییەکان دەکرێت چارەسەر بکرێن، بەڵام قورسترین کێشە بریتییە لە کەمیی ژمارەی سەربازان.
مەعاریف ئاماژەی بەوە کردووە، تەنیا سوپای ئیسرائیل بێ هەژمارکردنی دەزگا ئەمنییەکانی دیکە، 1138 سەربازی کوژراون و 11730 سەربازی دیکەشی بە برینداری یان بەهۆی تووشبوون بە کێشەی دەروونی، لەدەستداوە. پێشبینیش دەکرێت لە داهاتوودا هەزاران سەربازی دیکە تووشی نەخۆشیی دەروونی ببن.
زیانەکانی شەڕەکە تەنیا لە گۆڕەپانی جەنگدا نین، چونکە ئەو سەربازانەشی هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە، ژیانی خێزانییان بە تەواوی تێکچووە. لە راپرسییەکی ناوخۆیی سوپای ئیسرائیلدا دەرکەوتووە شێوازی ژیانی 75%ـی خێزانی سەربازەکان گۆڕاوە.
هەرچەندە رێژەی پشتیوانیی خێزانەکان بۆ بەردەوامبوونی سەربازەکان لە خزمەتی سەربازی لە سەرووی 50%ـە، بەڵام کاتێک لێیان پرسراوە ئایا خزمەتی سەربازی یارمەتیدەرە بۆ پێشخستنی پیشەکانیان، تەنیا 10%ـی بەشداربووان وەڵامیان ئەرێنی بووە.
لە کۆتاییدا رۆژنامەکە دووپاتی کردووەتەوە، سوپای ئیسرائیل خەریکە ژمارەیەکی زۆر لە کەسە لێهاتووەکانی لەدەستدەدات، تەنانەت چەندین ئەفسەری هەمیشەیی پۆستی باڵایان پێشکەش کراوە و رەتیان کردووەتەوە.
لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023ـەوە، ناوچەکە بە دۆخێکی پڕ لە ململانێ و ئاڵۆزیدا تێدەپەڕێت. ئێستا دوای تێپەڕبوونی نزیکەی سێ ساڵ بەسەر ئەم شەڕەدا، ئیسرائیل رووبەڕووی قەیرانی گەورەی سەربازی و ئابووری بووەتەوە.