ئیسرائیل بە هۆی کەوتنە خوارەوەی چەند کۆلارەیەک نیگەران بووە
سەرچاوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل رایانگەیاند، چوار کۆلارەی کاغەزی کە پێدەچێت لە غەززە ئاراستە کرابن، لە کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی ئیسرائیل لە نزیک سنووری غەززە کەوتوونەتە خوارەوە.
ئەم رووداوە نیگەرانیی دانیشتووانی ناحال عوز-ی لێکەوتووەتەوە و داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل کرد رێکاری پێویست بگرنەبەر، چونکە بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە ناویان بردووە.
سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، هەینی کۆلارەیەکیان لەو ناوچەیە دۆزیوەتەوە و شەممەش سێ کۆلارەی دیکەیان دۆزیوەتەوە، سوپای ئیسرائیل مەزەندە دەکات ئەو کۆلارە کاغەزییانە، کە بە پەتێک بە درێژایی چەند کیلۆمەتر بەستراون، لە سنووری غەززەوە ئاراستە کرابن.
بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکانی ئیسرائیل، سوپا پێی وایە حەماس بەرپرسە لە ئاراستەکردنی ئەو کۆلارە کاغەزییانە و مەبەستیان تاقیکردنەوەی کاردانەوەی ئیسرائیل بووە، سوپا جەختی کردەوە، هیچ شتێکی گوماناوی لەسەر کۆلارە کاغەزییەکان نەدۆزراوەتەوە و مەترسی نەبووە.
ئەم روونکردنەوەیەی سوپا دانیشتووانی ناحال عوز-ی ئارام نەکردەوە، ئەوان هۆشدارییان دا کە ئەم دۆخە هاوشێوەی ئەو رووداوانەیە کە پێش 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 رووی دەدا، ئاماژەیە بۆ هێرشە لەناکاوی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لەو رۆژەدا.
ناحال عوز یەکێک بوو لەو کۆمەڵگە نیشتەجێبوونە سنوورییانەی غەززە کە لە هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمدا کرایە ئامانج، دوای رووداوەکە کۆمەڵگەکە چۆڵ کرا و لە 2024ـەوە دانیشتووانەکەی بەشێوەیەکی پلەبەندی دەستیان بە گەڕانەوە کردووە.