تەمەنی خانەنشینی هێزەکانی ناوخۆی عێراق کەمدەکرێتەوە

لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کار بۆ تەواوکردنی هەموارکردنەوەی دووەمی یاسای خزمەت و خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەکات. بەگوێرەی هەموارە نوێیەکە، پێشنیاز کراوە تەمەنی خانەنشینی ئارەزوومەندانە کەمبکرێتەوە، بەڵام دۆخی دارایی وەک لەمپەرێک لەبەردەم جێبەجێکردنی هەندێک بڕگەی یاساکە دەبینرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ـی ئابی 2026، مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24 ـی رایگەیاند؛ ئامانج لە هەموارکردنەوەی یاسای ژمارە 18ی ساڵی 2011ی هێزەکانی ناوخۆ، رێکخستنەوەی رێڕەوی پیشەیی ئەفسەران و کارمەندان و چارەسەرکردنی کێشەکانی پلەبەرزکردنەوە و خانەنشینییە. ئاماژەی بەوەش کرد، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاساکە کراوە، بەڵام کاتی خوێندنەوەی دووەم هێشتا دیارنییە.

سەبارەت بە وردەکاریی گۆڕانکارییەکان، ئەو پەرلەمانتارە روونیکردەوە، لە یاسای ئێستا هەر ئەفسەر و کارمەندێک 15 ساڵ خزمەت و 45 ساڵ تەمەنی هەبێت، دەتوانێت بە ئارەزوومەندانە خانەنشین بێت. بەڵام لیژنەی ئاسایش و بەرگری داوا دەکات تەمەنی خانەنشینی ئارەزوومەندانە لە 45 ساڵەوە بۆ 40 ساڵ کەمبکرێتەوە (بە مەرجی هەبوونی 15 ساڵ خزمەت)، ئەمەش بە ئامانجی دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ ئەفسەران.

یەکێکی دیکە لە خاڵە گرنگەکانی ناو هەموارەکە، پەیوەستە بەو کارمەندانەی بڕوانامەی باڵا باستەر و دکتۆرا بەدەستدەهێنن؛ بەپێی دەقە نوێیەکە، ئەو بڕوانامانە وەک پێشخستنی ساڵانی خزمەت (ترقیە) بۆیان هەژمار دەکرێت.

مازن غەریب هۆشدارییدا، دۆخی دارایی عێراق رەنگە ببێتە هۆی دواکەوتنی هەندێک لەو گۆڕانکارییانە، بەتایبەت ئەو بڕگانەی کە پێویستییان بە تەرخانکردنی دارایی و بەرزکردنەوەی مووچە هەیە، چونکە هەر گۆڕانکارییەک باری دارایی لەسەر حکوومەت دروست بکات لەم قۆناخەدا جێبەجێکردنی ئەستەم دەبێت.