هاککەرانی ئێران چوار رۆژ وێستگەیەکی کارەبای بەریتانیایان کۆنترۆڵ کردووە
هاککەرەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بۆ ماوەی چوار رۆژ کۆنترۆڵی وێستگەیەکی کارەبای بەریتانیایان کردووە، هاوکات هێرشێکی هاوشێوەشیان کردووەتە سەر سیستمی ئاوی 12 ویلایەتی ئەمریکا.
رۆژنامەی "تەلەگراف"ـی بەریتانی ئاشکرای کرد، هاککەرەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران توانیویانە وێستگەیەکی کارەبای بەریتانیا بۆ ماوەی چوار رۆژ بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە.
بە گوێرەی ئەو سەرچاوانەی زانیارییان بە رۆژنامەکە داوە، ئەمە یەکەمجارە هاککەرەکانی سەر بە سوپای پاسداران بتوانن وێستگەیەکی کارەبا لە بەریتانیا بکەنە ئامانج و لە رێگەی هێرشێکی ئەلیکترۆنییەوە کێشە بۆ سیستمی کارکردنی ئەو وێستگەیە دروست بکەن.
ئەم هێرشە لە هەمان کاتی هێرشێکی دیکەی هاوشێوە بووە بۆ سەر سیستمی دابەشکردنی ئاو لە 12 ویلایەتی ئەمریکا. ئەم رووداوەش کاردانەوە و نیگەرانیی تووندی کۆشکی سپیی لێکەوتەوە.
رۆژنامەکە باسی لەوەش کردووە، بە هۆکاری ئەمنی، بەرپرسانی بەریتانیا ئامادە نەبوون ناوی ئەو وێستگەیەی کارەبا ئاشکرا بکەن بووەتە ئامانجی هێرشی هاککەرەکانی سەر بە سوپای پاسداران.
ئەوەشی خستەڕوو، حکوومەتی بەریتانیا دوای ئەو هێرشە ئەلیکترۆنییە، زنجیرەیەک رێنمایی نوێی بۆ بەڕێوەبەر و کارمەندانی کەرتی وزە دەرکردووە، ئەمەش بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرگریی سایبەریی خۆیان و خۆپاراستن لە هێرشی هاککەران.
هێرشە سایبەرییەکانی ئێران بۆ سەر ژێرخانی وڵاتانی رۆژئاوا لە ماوەی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.
توانای هاککەرەکانی ئێران، مەترسییەکی گەورەی ئەمنیی دروست کردووە و وایکردووە وڵاتانی رۆژئاوا پێداچوونەوە بە ستراتیژیی بەرگریی سایبەریی خۆیاندا بکەن.