دادگای کەرکووک نوێنەری جوتیارانی کوردی لە سەرگەڕان بە یەک ملیۆن دینار سزادا

دادگای تاوانی کەرکووک بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەحمەد حەموود عەتیە، بڕیاری کۆتایی لەسەر یەکێک لە سکاڵاکانی دژی محەممەد ئەمین، نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان دەرکرد و بە یەک ملیۆن دینار سزایدا.

بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی فەرمی دادگای تاوانی کەرکووک کە واژۆی دادوەر ئەحمەد حەموود عەتیەی لەسەرە و ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ی ئابی 2026 دەرچووە، تێیدا هاتووە: "دادگە بڕیاری دا بە سزادانی  (محەممەد حەمید ئەمین) بە غەرامەیەکی دارایی بە بڕی یەک ملیۆن دیناری عێراقی، ئەمەش پاڵپشت بە ماددەی 229 بڕگەی یەکەم لە یاسای سزادانی ژمارە 111ی ساڵی 1969ی هەموارکراو."

محەممەد ئەمین رایگەیاند: "دادگە لەسەر سکاڵای سەربازەکە بە ناوی کەڕار شاکر منی تۆمەتبار کرد و سزای دام، لە کاتێکدا من ئێستا چاوەڕوانی سکاڵای دووەمم کە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان لە دژم تۆماری کردووە."

محەممەد ئەمین لە سەرەتای رووداوەکەوە دوو سکاڵای یاسایی لە دژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان و سەربازێک بە ناوی "کەڕار" تۆمار کرد، بەڵام دادگا سکاڵاکانی ئەوی سڕ کردووە. لە بەرامبەردا، فەرماندە سەربازییەکە و سەربازەکە دوو سکاڵایان لە دژی ئەو جوتیارە تۆمار کردووە و تا ئێستا چەندین جار بانگی دادگا کراوە، بەبێ ئەوەی لایەنی دووەم جارێک لەبەردەم دادگا ئامادە بن، ئەمەش وای کردبوو دادوەر   چەندین جار دانیشتنەکان دوا بخات.

رۆژی 17ی شوباتی 2025، لە گوندی شەناخە، محەممەد ئەمین لەسەر تراکتۆرەکەی سەرقاڵی کاری کشتوکاڵی بوو، لەو کاتەدا هێزێکی سوپای عێراق رێگرییان لێ کرد و سەربازێک بە شێوەیەکی نەشیاو بە ملپێچەکەی رایکێشا و سوکایەتی پێ کرد.

ئەو دیمەنە کاریگەرە، لەو کاتەدا لە لایەن تیمی "کوردستان24"ەوە تۆمار کرابوو. بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە لە شاشەی کوردستان24ەوە دەنگدانەوەیەکی گەورەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا و بوو بە بەڵگەیەکی یاسایی بەهێز بۆ سەلماندنی ئەو ستەمەی لە جوتیارانی کورد لە ناوچە دابڕێندراوەکان دەکرێت. محەممەد ئەمین جەخت دەکاتەوە کە هەرچەندە فشاری لێ دەکرێت سکاڵاکەی بکشێنێتەوە، بەڵام ئەو پشت بەو بەڵگە ڤیدیۆییەی کوردستان24 دەبەستێت و چاوەڕێی دادپەروەری دەکات.

بڕیاری دادگای تاوانی کەرکووک