دوو جۆری نوێی برنج لە کوردستان بەرهەم دەهێنرێن
جووتیارێکی کورد لە دەڤەری بارزان توانی بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان جۆرێکی نوێی برنج بە رەنگەکانی رەش و سوور بەرهەم بهێنێت.
حەسەن مەلا مووسا، جووتیاری دەڤەری بارزان، ئەمڕۆ یەکشەممە (23ـی ئابی 2026)، لە کاتی بەشداریی لە گەشتی هەواڵە ئابوورییەکانی کوردستان24، باسی لە ئەزموونی سێ ساڵی ڕابردووی خۆی کرد لە چاندن و بەرهەمهێنانی برنجی رەش و سوور لە هەرێمی کوردستان.
حەسەن مەلا مووسا ئاماژەی بەوە کرد، بیرۆکەی کارەکەی لە وڵاتی چینەوە وەرگرتووە و تۆوی هەردوو جۆرە برنجەکەشی هەر لەوێوە هێناوە.
سەبارەت بە سەرەتای هەنگاوەکانی، حەسەن گوتی، سێ ساڵ بەر لە ئێستا وەک تاقیکردنەوەیەک دەستی بەم کارە کردووە. لە سەرەتادا 150 کیلۆگرام تۆوی برنجی رەش و 150 کیلۆگرام تۆوی برنجی سووری هێناوە، سەرەڕای ئەوەی دڵنیا نەبووە لە گونجاوی خاکی کوردستان بۆ ئەو جۆرە برنجە، بەڵام تاقیکردنەوەکە سەرکەوتنی بەدەست هێناوە و بەرهەمێکی باشی خستووەتەوە.
بە گوتەی ئەو جووتیارە، برنجەکە لە ناوچەی بارزان چێندراوە و ئاووهەوا و خاکی ناوچەکەی زۆر بە گونجاو زانیوە بۆی. قۆناخی پێگەیشتنی ئەم بەرهەمە پێویستی بە پێنج مانگ هەیە، بە شێوەیەک لە مانگی پێنج دەچێندرێت و لە مانگی 10 دەدووردرێتەوە، هەروەها بڕی ئاوی پێویست بۆی هاوشێوەی برنجی ئاساییە.
تایبەتمەندییەکی هەرە گرنگی ئەم بەرهەمە بریتییە لەوەی 100% سروشتییە. حەسەن جەخت لەوە دەکاتەوە لە کاتی چاندن و پێگەیاندنیدا هیچ جۆرە پەینێکی دەستکرد یان پێکهاتەیەکی نامۆ بەکار نەهاتووە، تەنانەت رەنگەکەشی بەتەواوی سروشتییە و پێویستی بە هیچ بەهاراتێک نییە لە کاتی ئامادەکردنیدا.
لەسەر سوودە تەندروستییەکانی ئەم برنجە، جووتیارەکە روونی کردەوە ئەمە تەنیا ژەمە خۆراکێک نییە، بەڵکوو وەک دەرمانێکی سروشتی کار دەکات. گوتیشی، بەپێی بەدواداچوونەکان و رێنمایی پزیشکان، ئەم برنجە زۆر باشە بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشییەکانی شەکرە و پەستانی خوێن و شێرپەنجەیان هەیە. ئەوانەی نەخۆشیی شەکرەیان هەیە و ناتوانن برنجی سپی بخۆن، دەتوانن بەبێ کێشە ئەم برنجە رەش و سوورە بخۆن.
لەسەر پرسی تێچوو و نرخی بەرهەمەکە، حەسەن ئاشکرای کرد کڕینی تۆوەکە لە وڵاتی چین گران لەسەری کەوتووە، بە جۆرێک نرخی یەک کیلۆی بە 40 دۆلار گەیشتووەتە دەستی؛ بەڵام لە ئێستادا کیلۆی برنجە بەرهەمهاتووەکەی لە بازاڕدا بە 6000 دینار دەفرۆشێت. بڕی بەرهەمەکەشی لە ئێستادا دەگاتە نزیکەی یەک بۆ دوو تۆن.
ئەو جووتیارە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەرهەمەکانی دەفرۆشێت و ئامادەیی خۆی دەربڕی رێنمایی و تۆوی ئەم برنجە بدات بە هەر جووتیارێک ئارەزووی چاندنی هەیە لە ناوچەکانی خۆیاندا.
جووتیارەکە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مژدەی ئەوەشی دا جۆرێکی تری برنجی سەوزی سروشتی هەیە لە چین و لە داهاتوودا هەوڵ دەدات تۆوەکەی بهێنێت و لە کوردستان تاقیی بکاتەوە.
چاندنی برنجی رەش و سوور لە هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی نوێیە لە بواری کشتوکاڵدا، چونکە ئەم جۆرە برنجە بە شێوەیەکی گشتی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا وەک چین و تایلەند بەرهەم دەهێندرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمساڵ زیاتر لە 20 هەزار دۆنم زەوی لە هەرێمی کوردستان کراوەتە برنج و پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ 25 هەزار تۆن برنج بەرهەم بهێنرێت.
لە هەرێمی کوردستان برنج خۆراکێکی سەرەکی سەر خوانی ماڵانە و زۆر کەس هەن ئەگەر رۆژانە جارێک برنج نەخۆن، نازانن هەر خواردنیان خواردووە، جا ئەگەر برنجەکە خۆماڵی و کوردی بێت ئیتر هەر باسی مەکە. .
ماوەی چەند ساڵیکە بەرهەمهێنانی برنج لە هەرێمی کوردستان زیادی کردووە و لەبەر ئەوەی نرخی باش دەکات جووتیاران حەز بە چاندنی دەکەن.