وەزارەتی ناوخۆ رێبەری سەلامەتی گشتی بڵاوکردەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ـی 2026، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێنمایی ژمارە 8ی ساڵی 2026ـی تایبەت بە جێبەجێکردنی "رێبەری سەلامەتی گشتی" دەرکرد، کە ئامانجی پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتییان و چەسپاندنی ستانداردە جیهانییەکانی سەلامەتییە لە پڕۆژە و دامەزراوە جیاوازەکاندا.

بەگوێرەی رێنماییەکی نوێی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لێژنەیەکی باڵا لە وەزارەت و چەندین لێژنەی لاوەکی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان پێکدەهێنرێن بۆ چاودێریکردن و جێبەجێکردنی مەرجەکانی سەلامەتی.

بەگوێرەی ئەو رێنماییانە، پڕۆژەکان لە قۆناخی نەخشەسازی، دروستکردن و دوای تەواوبوون پابەند دەکرێن بە جێبەجێکردنی مەرجەکانی سەلامەتی و ساڵانە چوار جار پشکنینی خولییان بۆ دەکرێت.

رێنماییەکە چەند خاڵێکی سەرەکی لەخۆ دەگرێت:

یەکەم، سەلامەتی سووتەمەنی و گاز: مەرجی توند بۆ سیستەمی گازی LPG لە شوێنە نیشتەجێبوون و بازرگانییەکان، وێستگەکانی سووتەمەنی و دانانی سیستەمی ئاگادارکردنەوە و کوژاندنەوەی ئاگر دیاریکراوە.

دووەم، گواستنەوەی ماددە مەترسیدارەکان: تانکەرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی و ماددە کیمیاییەکان دەبێت خاوەنی کۆدی تایبەت و تابلۆی ناسنامە بن و ساڵانە پشکنینی هونەرییان بۆ بکرێت.

سێیەم، کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون: هەر کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون کە ژمارەی یەکەکانی لە 1,000 یەکە زیاتر بێت، پێویستە بنکەیەکی بەرگریی شارستانی، ئۆتۆمبێل و ستافی پێویستی بۆ دابین بکرێت.

چوارەم، تیمەکانی پاراستنی خود: فەرمانگە و پڕۆژەکان دەبێت تیمی تایبەتیان هەبێت و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانییەوە راهێنانیان پێ دەکرێت بۆ کاتی رووداوەکان.

رێنماییەکە خشتەیەکیشی بۆ رسووماتی پشکنین و سزاکان داناوە؛ رسووماتی پشکنینی هەر پڕۆژەیەک 250 هەزار دینارە، لە بەرامبەردا سزای پابەندنەبوون بە مەرجەکانی سەلامەتی 500 هەزار دینار و سزای نەبوونی تابلۆی ناسنامە لەسەر تانکەرەکان 200 هەزار دینار دیاریکراوە.

پەیمانگای بەرگری شارستانی راسپێردراوە خولی راهێنانی ئاستی A و B بۆ کارمەندانی تیمەکانی پاراستنی خود لە کەرتی گشتی و تایبەت بکاتەوە، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی تواناکانیان لە رووبەڕووبوونەوەی ئاگرکەوتنەوە و فریاگوزاری سەرەتایی.

ئەم رێنماییانە لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆوە واژۆ کراوە، لە کاتی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی "وەقایەعی کوردستان" دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرجەم نووسراو و رێنماییە پێشووەکانی پێچەوانەی ئەم رێنماییە هەڵدەوەشێنێتەوە.