محەمەد ئەمین: 10 جاری دیکەش بمخنکێنن دەستبەرداری کەیسەکە نابم

نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان رایدەگەیەنێت، ئەو سزایەی دادگای کەرکووک بەسەریدا سەپاندووە بڕیارێکی نادادپەروەرانەیە و تەنیا وەک فشارێکە بۆ ئەوەی دەستبەرداری کەیسی زەوییە داگیرکراوەکانی کورد بێت، جەختیش دەکاتەوە کە ئامادە نییە بە هیچ جۆرێک دەستبەرداری کەیسەکە بێت.

رۆژی یەکشەممە، 23ی ئابی 2026، محەمەد ئەمین، نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "زۆر سوپاسی تەواوی راگەیاندکاران دەکەم کە لە ماوەی رابردوو لەگەڵمان بوون. کاتێک دەمانویست زەوییەکانی خۆمان بکێڵین، کە بەپێی یاسای ژمارە 3ی پەرلەمانی عێراق مافی خۆمانە، هێزە چەکدارەکان رێگرییان لێکردین. لە چوارچێوەی ئەو رێگرییەدا پەلاماری منیان دا و ویستیان لەسەر تراکتۆرەکە بە ملپێچەکەم بمخنکێنن."

محەمەد ئەمین ئاماژەی بەوە کرد، لە جیاتی ئەوەی مافی ئەو وەربگیرێتەوە، سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە و گوتی: "ئەو سەربازەی منی راکێشا بە ناوی کەڕار شاکر و هەم فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک، دوو سکاڵای جیاوازیان لەسەر من تۆمار کرد، گوایە من سوکایەتیم بە هێزە چەکدارەکان کردووە و بەردم تێگرتوون؛ هەردوو تۆمەتەکە بێبنەمان و هیچ راستییەکیان تێدا نییە."

نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان روونیکردەوە کە ئەم بڕیارەی دادگا وەک وەڵامێک بووە بۆ ئەوەی ئەو پاشەکشە لەو سکاڵایە بکات کە پێشتر دژی هێزە ئەمنییەکان تۆماری کردبوو، گوتیشی: "چەندین جار هەوڵیاندا واز لە سکاڵاکەم بهێنم، بەڵام ئامادە نەبووم. بەداخەوە ئەمڕۆ لە هەردوو کەیسەکەدا بە بڕی دوو ملیۆن دینار سزادرام. پێموایە بڕیارەکە دادپەروەرانە نییە و لە دادگای تێهەڵچوونەوە تانەی لێدەدەین."

محەمەد ئەمین دووپاتیکردەوە کە ئەمە کەیسی میللەتی کوردە لە ناوچە دابڕێنراوەکان و گوتی: "پەشیمان نیم لەوەی کردوومە، دڵنیابن تا سەرئیسقان ئەگەر 10 جاری دیکەش هەوڵبدەن بمخنکێنن، من هەر بەردەوام دەبم لەم کەیسە و بەرگریی لە خەڵکی خۆمان دەکەم؛ ئەم زەوییانە زەوی کوردانە و دەبێت بۆ خەڵکە رەسەنەکەی بگەڕێتەوە."

هەروەها یوسف حەسەن، پارێزەری محەمەد ئەمین رایگەیاند: "ئێمە چاوەڕوانی ئەم بڕیارە نەبووین، بەتایبەت کە دادگا ڤیدیۆکەی هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24ی وەک بەڵگە بینی و چەند جارێک دووبارەیان کردەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی سکاڵاکە لە دژی لایەنێکی حکوومی بوو، ئەو بڕیارەیان دا. ئێمە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەیبەینە دادگای تێهەڵچوون."

رۆژی 17ی شوباتی 2025، لە گوندی شەناخە، هێزێکی سوپای عێراق رێگرییان لە محەمەد ئەمین کرد کاتێک سەرقاڵی کێڵانی زەوییەکەی بوو. دیمەنی راکێشانی ناوبراو بە ملپێچەکەی لەلایەن سەربازێکەوە، لەلایەن تیمی کوردستان24 تۆمار کرا و دەنگدانەوەیەکی گەورەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.

ئەمڕۆ، دادگای تاوانی کەرکووک بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەحمەد حەموود عەتیە، لەسەر دوو دۆسیەی جیاواز (ژمارە 1404 و 1405) بەپێی ماددەی 229 لە یاسای سزادانی ژمارە 111ی ساڵی 1969، بڕیاری سزادانی دارایی بە بڕی 2 ملیۆن دینار بۆ محەمەد ئەمین دەرکرد. بەپێی بڕیارەکە، ئەگەر ناوبراو غەرامەکە نەدات، بۆ هەر دۆسیەیەک 4 مانگ (کۆی گشتی 8 مانگ) زیندانی دەکرێت.