مەهدی رەحیمی: ئێران بانگهێشتی هاوپەیمانی مەککە کراوە
مەهدی رەحیمی، بەرپرسی راگەیاندنی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی بانگهێشتنامەیەکی بۆ پەیوەندیکردن بە رێککەوتننامەی بەرگریی هاوبەشی مەککە بەدەستهێناوە و ئێستا بابەتەکە لە قۆناخی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندندایە.
رەحیمی روونیکردەوە، رێککەوتننامەکە لە رووی ناوەڕۆکەوە هاوشێوەی ماددەی 5ـی پەیماننامەی ناتۆیە و هەر هێرشێک بۆ سەر یەکێک لە وڵاتانی ئەندام، بە هێرش بۆ سەر سەرجەم ئەندامانی دیکە هەژمار دەکرێت.
سەرەڕای ئەم لێدوانە، تا ئێستا وەزارەتی دەرەوە یان سەرکردایەتیی باڵای ئێران بە فەرمی ئەو هەواڵەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە. هاوکات هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن سعوودیە، تورکیا یان پاکستانەوە لەم بارەیەوە نەدراوە.
میدیاکانی سعوودیە و پاکستان هەینی 7ـی ئابی 2026 بڵاویان کردەوە، محەمەد سەلمان، جێنشینی سعوودیە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان رێککەوتننامەیەکیان بە ناوی رێککەوتننامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش واژۆ کردووە.
چاودێران و شارەزایانی بواری بەرگری پێیان وایە، بەهێزبوونی ئەم هاوپەیمانییە لە نێوان سعوودیە وەک خاوەن ئابوورییەکی گەورەی نەوت، تورکیا وەک ئەندامێکی بەهێزی ناتۆ و پاکستان وەک وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی، ئاماژەیەکی روونە بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و ناوچەیییەکان لە سایەی تێکچوونی دۆخی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دەستەی هاوپەیمانیی سەرەکی کە لە سعوودیە، تورکیا، میسر، پاکستان و قەتەر پێک هاتووە، لە دوای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکان لە 28ـی شوباتەوە، رۆڵێکی بەرچاویان لە نێوەندگیری و ئاڵوگۆڕی پەیام لە نێوان واشنتن و تاران بە مەبەستی راگرتنی جەنگ و کۆنترۆڵکردنی ئاڵۆزییەکان گێڕاوە.