وەزیری نەوتی ئێران: کێڵگەیەکی گازمان بە یەدەگی 7.5 ترلیۆن پێ سێجا دۆزیوەتەوە
موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوتی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ـی ئابی 2026، رایگەیاند، یەدەگێکی گەورەی گاز لە کێڵگەیەکی سنووری پارێزگای فارس لە باشووری وڵاتەکە دۆزراوەتەوە.
موحسین پاکنەژاد لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا گوتی "ئەم سەرکەوتنە بەهۆی هەوڵەکانی ستافی کەرتی نەوتەوە بەدەستهاتووە و سامانێکی نوێ بۆ یەدەگەکانی وڵاتەکە زیاد بووە"، پاکنەژاد روونیکردەوە، بڕی گازی دۆزراوە زیاتر لە 7.5 ترلیۆن پێ سێجایە و بە لەبەرچاوگرتنی رێژەی دەرهێنان کە لە نێوان 72 بۆ 73%ـدایە، دەتوانرێت نزیکەی 5.7 ترلیۆن پێ سێجا گازی لێ بەرهەم بهێنرێت.
وەزیری نەوتی ئێران باسی لەوە کرد، ئەو بڕە گازەی دۆزراوەتەوە یەکسانە بە بەرهەمی نزیکەی 15 ساڵی کێڵگەی پارسی باشوور، پاکنەژاد جەختیکردەوە، گازە دۆزراوەکە لە جۆری گازی "شیرین"ـە و ئەم تایبەتمەندییەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی تێچووی پەرەپێدان و کارپێکردنی کێڵگەکە.
لە پاڵ یەدەگە گازییەکاندا، بڕێکی زۆر لە چڕکراوەکانی گازیش لە کێڵگەکەدا دۆزراوەتەوە، ئەو سەرچاوانە بەگشتی دەیان ملیار دۆلار بۆ خەزێنەی سامانی نیشتمانیی وڵاتەکە زیاد دەکەن.
پاکنەژاد جەختیکردەوە، پێویستە بەپەلە پلان بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکە دابنرێت و کارەکان بە خێرایی جێبەجێ بکرێن تا لە کەمترین کاتدا سوودی لێ وەربگیرێت. ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە دابینکردنی گاز بۆ کەرتی پیشەسازی و ئەو سێکتەرانەیە کە وزەیەکی زۆر بەکاردەهێنن.