وەزارەتی پێشمەرگە وادەی دابەشکردنی هاوکاریی هاوپەیمانانی راگەیاند

وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی تەممووزی 2026، خرایە سەر هەژماری وەزارەت و رۆژی دووشەممەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ـی ئابی 2026، وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی کردەوە، هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی تەممووزی 2026، خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوووە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی) تەواوی رێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی ئەنجام داوە بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەشکردنی هاوکارییەکە بەڕێوە بچێت.

وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش داوە، دوای کۆتاییهاتنی ئامادەکارییەکان، ڕۆژی دووشەممە، 24ـی ئابی 2026، دەست بە دابەشکردنی هاوکارییەکە دەکرێت.