عێراقچی: تاکە رێگە رێزگرتن و گفتوگۆیە لەگەڵ ئێران

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هەڕەشە سەربازییەکان و سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی سیناریۆیەکی دووبارە و تاقیکراوەیە و دەریخستووە کە واشنتن لە بەرامبەر ئێراندا تەواو دەستەوەستان بووە. هاوکات جەخت دەکاتەوە ئەمریکا هیچ بژاردەیەکی لەبەردەمدا نەماوە جگە لەوەی بە زمانی رێز، دادپەروەری و کەرامەتەوە لەگەڵ گەلی ئێراندا گفتوگۆ بکات.

یەکشەممە، 23ی ئابی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا سەرنجی خستە سەر هەڕەشە نوێیەکانی ئەمریکا و سەپاندنی سزای ئابووری و سەربازی بەسەر تاراندا، و ئەو هەوڵانەی بە سیناریۆیەکی کۆن ناوبرد.

عێراقچی لە لێدوانەکەیدا رایگەیاند، "سیاسەتەکانی ئەمریکا وەک فیلمێکی دووبارە و لەبەرکراو وایە کە بەردەوام پەخشی دەکەنەوە؛ لە سەردەمی سزاکانی ئۆباماوە بگرە تاوەکو گەیشتە سیاسەتی 'ئەوپەڕی گوشار'ی خولی یەکەمی ترەمپ و سزاکانی ئێستا بە ناونیشانی جیاواز. هەموو ئەمانە هەمان خۆسەپاندنی هەمیشەییی ئەمریکان و ئێمە بە تەواوی شارەزای ئەو رێگایانەین و دەزانین چۆن رووبەڕوویان ببینەوە."

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، گەڕانەوەی واشنتن بۆ هەمان پلانە کۆنەکانی دوای تاقیکردنەوەی هەڕەشەی سەربازی، سەلمێنەری ئەوەیە کە کۆشکی سپی لە ئاستی ئیرادەی گەلی ئێراندا تووشی بێئومێدی و دەستەوەستانی بووە و هیچ چارەیەکی نوێی لەبەردەستدا نییە.

سەبارەت بە ئاسۆی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەگەڵ ئەمریکا، عێراقچی گوتی: "بەرپرسانی ئەمریکا دەبێت تێبگەن کە هیچ رێگایەک لەبەردەمیاندا نییە جگە لەوەی بە زمانی رێز و کەرامەتەوە لەگەڵ گەلی گەورەی ئێراندا قسە بکەن و بگەڕێنەوە سەر بنەمای رێگەچارەیەک کە لەسەر دادپەروەری و شکۆمەندی دامەزرابێت."

جەختیشی کردەوە، دەبێت واشنتن هەموو رێگە هەڵە و شکستخواردووەکانی رابردوو وەلابنێت و بگەڕێتەوە بۆ ئەو رێڕەوەی کە پێشتر تاقیکراوەتەوە، چونکە گەلی ئێران تەنیا بە زمانی رێز، کەرامەت و مافی یەکسان وەڵامی دیپلۆماسی دەداتەوە.