تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی: دۆسییەکەی لە دادگای سلێمانی دەستپێدەکاتەوە

گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی ئاشکرای دەکات، دۆسییەی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی لە دادگای سلێمانی دەستپێدەکاتەوە، دوای ئەوەی دادگای تەمیزی کوردستان بڕیاری دا چیتر داوای رەوانەکردنی دۆسییەکە نەکات.

ئەمرۆ یەکشەممە، 23ـی ئابی 2026، دانا تەقێدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی دۆسییەی لاهور شێخ جەنگی تایبەت بە کوردستان24ی راگەیاند؛ دوایین هەوڵی دادگای تەمیزی کوردستان ئەوەیە کە لەمەودوا داوای هێنانی دۆسییەکە ناکات، ئەوەش بە مەبەستی ئەوەی دادگای سلێمانی دەستبکاتەوە بە دانیشتنەکانی خۆی لەسەر کەیسەکە.

سەبارەت بە پەککەوتنی کارەکانی دادگاش، ئاماژە بەوە کرد، دادگای تەمیزی کوردستان لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە داوای ناردنی دۆسییەکەی لە دادگای سلێمانی کردبوو، بەڵام دادگای سلێمانی بێگوێدانە بڕیارەکە، دۆسییەکەی نەنارد.

پێشتریش لە مانگی رابردوودا، لاهور شێخ جەنگی لە رێگەی تیمی پارێزەرانی خۆیەوە رایگەیاندبوو، ئامادەیە لە هەموو دادگایەک ئامادە بێت بە مەرجێک دادپەروەری لە پرۆسەی دادگاییکردنەکەدا دەستەبەر بکرێت.