ئیخڵاس دلێمی: بە بڕیاری دادگا دەبێت تەواوی بنکەکانی کۆرەک لە بەغدا و پارێزگاکان بکرێنەوە

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دادگا تەواوی ئەو بڕیار و رێکارانەی هەڵوەشاندووەتەوە کە لەلایەن دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقەوە دژ بە کۆمپانیای کۆرەک تێلیکۆم دەرکرابوون. هاوکات رەخنەی توند لە سەرۆکی دەستەکە دەگرێت و ئاماژە بەوە دەکات کە هەڵوێستەکەی وەک کەمپەینێکی پشتیوانیکردن بووە لە کۆمپانیا رکابەرەکان لەسەر حیسابی کۆرەک.

یەکشەممە، 23ـی ئابی 2026، ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، سەرنجی خستە سەر دوایین بڕیاری دادگا سەبارەت بە کێشەی نێوان دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق و کۆمپانیای کۆرەک تێلیکۆم.

ئیخڵاس دلێمی رایگەیاند: ئەو فەرمانسالاری و بڕیارەی لە لایەن دادگاوە دەرچووە، گشت ئەو بڕیارانەی دەستەی راگەیاندن و گەیاندن هەڵدەوەشێنێتەوە کە لە دژی کۆرەک دەرکرابوون. بەمەش دۆخەکە دەگەڕێتەوە سەر رێڕەوی ئاسایی خۆی و دەبێت سەرجەم بنکە داخراوەکانی کۆمپانیاکە لە بەغدا و شارەکانی دیکە دووبارە بکرێنەوە.

پەرلەمانتارەکەی عێراق رەخنەی لە هەڵسوکەوتی سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و گەیاندن گرت و گوتی: "گوتەکانی سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و گەیاندن وەک کەمپەینێکی پشتیوانیکردن بوو بۆ ئەو کۆمپانیایانەی لە بازاڕدا کێبڕکێی کۆڕەک دەکەن. ناکرێت سەرۆکی دەستەیەکی فەرمیی دەوڵەت بە هاووڵاتییان بڵێت سیمکارتەکانتان دابخەن؛ ئەمە بە ڕوونی پشتیوانیکردنی کۆمپانیای دیکە بوو لەسەر حیسابی کۆرەک کە بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە."

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، ئیخڵاس دلێمی ئاماژەی بەوە کرد کە کۆرەک لە رابردوودا ئامادەیی تەواوی پێشان دابوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گوتی: "بڕیارەکەی دەستەی راگەیاندن و گەیاندن لە کاتێکدا دەرکرا کە کۆرەک پابەندیی خۆی بە دانەوەی شایستە دارایییەکان دەربڕیبوو و میکانیزمی یەکلاکردنەوەی کێشەکەش دیاریکرابوو تاوەکو سێ مانگ جارێک پارەکە بدرێتەوە، بەڵام بڕیارە کتوپڕەکەی دەستەکە هەموو شتێکی تێکدا؛ ئێستاش بە بڕیاری دادگا دۆخەکە دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی."