دانەر عەبدولغەفار: لە تەواوی دامەزراوەکانی عێراق هاوسەنگیی نیشتمانی نەماوە
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە تەواوی دامەزراوە ئەمنی، سەربازی و دارایییەکانی عێراقدا هاوسەنگیی نیشتمانی نەماوە و کورد نوێنەرایەتیی راستەقینەی نییە، کە ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای ماددەی نۆیەمی دەستوورە. ئەم هەڵوێستەی پارتی دوای ئەوە هات کە زۆرینەی پەرلەمان پێشنیازی پێکهێنانی لیژنەی هاوسەنگیی نیشتمانییان رەتکردەوە سەرەڕای کۆکردنەوەی 90 واژۆی پەرلەمانتاران.
یەکشەممە، 23ـی ئابی 2026، دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، رەخنەی توندی لە قۆرخکردنی دەسەڵات لە بەغدا گرت و هۆشداری دا لە فەرامۆشکردنی مافی دەستووریی پێکهاتەکان.
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بابەتی هاوسەنگی بابەتێکی ئێجگار گرنگە نەک تەنیا لە کەرتی ئەمنیدا، بەڵکو لە تەواوی دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەتیشدا هاوسەنگی نەماوە و زیانمەندی گەورەش لێی کوردە. ئێمە لە دامەزراوە دارایییەکان، دەزگا ئەمنییەکان و سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکانی دیکەی دەوڵەتدا نوێنەرایەتیمان نییە، چ وەک پێکهاتەی کورد و چ وەک پارتی.
ئاماژەشی دا، بەگوێرەی ماددەی نۆیەمی دەستووری عێراق، دەبێت لە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکاندا هاوسەنگی هەبێت تاوەکو سوپایەکی نیشتمانی بێت و تەواوی پێکهاتەکانی تێدا بێت، بەڵام ئەمڕۆ کەمترین نوێنەرایەتی لەناو ئەو دامەزراوانەدا نوێنەرایەتیی کوردە. لایەنی باڵادەست لە دەوڵەتدا بەشی زۆری ئەو پۆستانەی پڕکردووەتەوە و ئەمەش هۆکاری سەرەکیی سەرکەوتوونەبوون و چارەسەرنەبوونی کێشەکانە. هەوڵەکە بۆ ئەوە بوو ئەم لیژنەیە پێکبهێنرێت بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بۆ ناو تەواوی جومگەکانی دەوڵەت، بەڵام بە زۆرینەی دەنگ رەتکرایەوە."
پێشتر شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق داواکارییەکی فەرمیی بە واژۆی 90 پەرلەمانتار پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت بە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بنەمای هاوسەنگی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، بەڵام پێشنیازەکە لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانتارانەوە رەتکرایەوە و نەخرایە ناو کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران.
بەپێی نووسراوە فەرمییەکەی شێروان دووبەردانی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان، فەرماندەیی هێزە ئەمنییەکانی پارێزگاکان رەنگدانەوەی هاوسەنگیی پێکهاتەکانی گەلی عێراق نییە وەک ئەوەی لە دەستووردا هاتووە؛ جگە لەوەی لە هەریەکە لە دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، راوێژکارییەتی ئاسایشی نیشتمانی و فەرماندەیی دژەتیرۆر، بنەمای هاوسەنگی و نوێنەرایەتیکردنی سەرجەم پێکهاتەکان فەرامۆش کراوە.
فراکسیۆنی پارتی جەخت دەکاتەوە، بەردەوامیی قۆرخکاری لە دەزگا هەستیارەکانی بەغدا و پەراوێزخستنی کورد و پێکهاتەکانی دیکە لە جومگەکانی بڕیاردانی ئەمنی و دارایی، ناکۆکە لەگەڵ بنەماکانی دەستوور، سیستەمی فیدراڵی و پێکەوەژیانی نیشتمانی لە عێراقدا.