لیزا کاکەیی: گفتوگۆی دوور لە چاوی میدیا لە نێوان پارتی و یەکێتیدا بەردەوامە
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای دەکات، دوور لە چاوی میدیاکان، گفتوگۆ و دانوستان لە نێوان پارتی و یەکێتیدا بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەم بەردەوامە.
یەکشەممە، 23ـی ئابی 2026، لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: بارودۆخی سیاسیی ئێستای عێراق و ناوچەکە، رووبەڕووی کۆمەڵێک پێشهات و ئاڵنگاریی نوێ بووەتەوە؛ ئەمەش وا دەخوازێت لایەنە کوردستانییەکان پتر لە پێشوو یەکدەنگ و یەکڕیز بن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی جەختیشی کردەوە، هەرێمی کوردستان لە رابردوودا بە قۆناخ و دۆخی گەلێک سەختتردا تێپەڕیوە، بۆیە لایەنە سیاسییەکان دەتوانن بە هەماهەنگی و دیالۆگ، ئەم قۆناخە سیاسییەش بە سەرکەوتوویی تێپەڕێنن و دامەزراوە یاسایی و جێبەجێکردنەکانی هەرێم کارا بکەنەوە.
هاوکات ئاشکرای کرد، دانوستان و گفتوگۆکان لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی، دوور لە چاوی میدیاکان، بە ئاراستەی کاراکردنەوەی خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان و پەلەکردن لە رێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێم بەردەوامییان هەیە.