سامی جەلال: لەگەڵ بەغدا لەسەر یەکخستنی رێکاری گومرگی رێکەوتووین
"هەولێر و بەغدا لیژنە لەبارەی دەروازە سنورییەکان پێکدەهێنن"
راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەولێر و بەغدا لەسەر سێ پرسی سەرەکیی تایبەت بە دەروازە سنوورییەکان، یەکخستنی پێناس و رێکارە گومرگییەکان گەیشتوونەتە رێککەوتن. هاوکات ئاشکرای دەکات کە کێشەی دابەشکردنی داهاتی گومرگی لە قۆناخی کۆتاییی چارەسەردایە و پڕۆژەکە بەم نزیکانە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەند دەکرێت.
یەکشەممە، 23ی ئابی 2026، سامی جەلال، راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان میوانی کوردستان24بوو، سەرنجی خستە سەر وردەکاریی کۆبوونەوەکانی نێوان شاندی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق سەبارەت بە رێکخستنەوەی دەروازە سنوورییەکان و رێکارە گومرگییەکان.
سامی جەلال رایگەیاند کە لەسەر سێ خاڵی بنەڕەتی لەگەڵ بەغدا لێکتێگەیشتن کراوە، ئەوانیش پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ بەسەرکردنەوەی ئەو دەروازە سنوورییانەی لە هەرێمی کوردستان هەن و پێشتر لەلایەن بەغداوە دانپێدانراو نەبوون، بۆ ئەوەی بەپێی مەرج و رێکارەکان بکرێنە نێودەوڵەتی و ئەوانەشی پێویست نین دابخرێن.
هەروەها سەبارەت بە خاڵی دووەم، گوتی: کتێبێکی ساڵانەی هاوبەش بۆ لێخۆشبوونی گومرگی دەردەکرێت، بۆ ئەوەی هەر بەرهەمهێنەرێکی هەرێمی کوردستان کە لێخۆشبوونی هەبێت، بتوانێت بەرهەمەکەی لە بەسرەش بفرۆشێت و بە پێچەوانەشەوە، هاوکات بازرگانان لە هەر کوێوە کەلوپەل هاوردە بکەن تەنیا یەک جار گومرگ بدەن.
راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەشی دا، خاڵی سێیەم، یەکلاکردنەوەی شێوازی وەرگرتن و دابەشکردنی داهاتی رسووماتی گومرگی لەنێوان هەولێر و بەغدایە.
گوتیشی: خاڵی ناکۆک تەنیا یەک خاڵە و بە بڕوای من جیاوازییەکی گەورە نییە؛ سەبارەت بە پرسی وەرگرتنی داهاتی گومرگی، لە سەرەتادا ئەوان داوای 100%ی داهاتیان دەکرد، بەڵام دواتر پێشنیازی 50 بە 50 خرایەڕوو. ئێستا دوو پێشنیاز لەبەردەستدان و هەردوولا بە ئەرێنی گفتوگۆی لەسەر دەکەن."
باسی لەوەش کرد، پێشبینی دەکەین ئەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوو لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەکە تاوتوێ بکرێت و پەسەند بکرێت. ئەم هەنگاوە قەبارەی بازرگانی لە نێوان هەردوولادا زۆر زیاتر دەکات، ئاڵوگۆڕی بازرگانی رێکدەخاتەوە و دەبێتە هۆی دەربازبوون لە قەیرانێکی گەورەی دارایی و ئابووری."
راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆ جەختی کردەوە کە بە جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە، کۆتایی بە کێشەی دووبارە وەرگرتنی گومرگ لە بازرگانان دەهێنرێت و تەواوی بازگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق بە یەک شێواز مامەڵە دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی تێچووی گواستنەوە و بووژانەوەی زیاتری کەرتی بازرگانی لە سەرتاسەری وڵاتدا.